موحسین مەندەلاوی: هەرێمی کوردستان بووەتە لانکەی پێکەوە ژیان

چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە پەراوێزی ڕۆژی نزای نیشتیمانی لە کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: شاری هەولێر، شاری برایەتیی و ئاشتییە، سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە هاریکار بوون لە سەرخستنی ئەم دیدارە.

گوتیشی: ئەم کۆنفرانسە لەکاتێکدایە، ئێستا دەنگەکان بەهۆی ڕق و دابەشکارییەوە بەرزبوونەتەوە، بەڵام ئێمە لە ڕۆژی نزای نیشتیمانی دەڵێین: ئێمە میللەتێکین هەرچەندە ئاڵنگارییەکان بەهێزتر بن، باوەڕمان بە ئاشتی هەیە و ژیانمان خۆش دەوێت.

مەندەلاوی، ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەمان توندوتیژی و تیرۆر و ناخۆشیی زۆری بینییوە،، بەڵام ئیرادە و ویستی میللەتەکەمان زۆر بەهێزتر بووە لە ڕەشەبای تاریکی، هەروەها لە ئەزموونەکانی ڕابردوودا فێربووین، سەرکەوتنی ڕاستەقینە بەجەنگەکان بەراوورد ناکرێت، بەڵکو بە شکۆ و ڕیزگرتن لەجیاوازییەکانیان دەکرێت.

مەندەلاوی، باسی لەوەش کردووە، ئەزموونی هەرێمی کوردستان، لاپەڕەیەکی پڕشنگداری لەو ڕێگەیەوە دروست کردووە، بەوەی هەرێم بەسەرکردایەتیی حەکیمانەی توانییویەتی ببێتە گۆڕەپانی پێکەوەژیان، لانەی هەمەچەشن و کرداری بۆ تێگەیشتنی بەرانبەر.

جەختیشی کردەوە، بەشانازییەوە ئەوەش بەبیر دەهێنینەوە، ئەو ڕۆلە نیشتیمانی و مرۆییەی کە مەرجەعەکانی عێراق بینیویانە کا تائیستا بانگەشەی برایەتیی  و دوورکەوتنەوە لە تیرۆر و توندوتیژی لە نێوان ڕۆڵەکانی وڵات دەکەن.

مەندەلاوی، ڕاشیگەیاند، هیچ جیاوازی لە نێوان مرۆڤەکاندا نییە، بۆیە لەو کۆنفرانسە داوا لە هەموو خەڵک و دامەزاروەکانی نێودەوڵەتی دەکەم، با پێکەوە بژین بەبێ هیچ گرفت و جیاوازییەک، با جیهانێکی نوێ بۆ هەموومان بنیاد بنێین بەبێ ڕق، ئەگەر ئاینی هەرچییەک بێت، 

چوارشەممە، 23-04-2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی،  سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵا و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و جیهان و پەرلەمانتارانی وڵاتان و نوێنەرانی حکوومەتەکان لە ئەمەریکا، ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ژێر دروشمی ( بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا)، ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان دەستی پێ کرد.