فوئاد حوسێن بەرەو ئەمەریکا بەڕێ کەوت

وەزیری دەرەوەی عێراق، بەمەبەستی تاوتوێکردنی چەند پرسێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەڕێ کەوت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی نیسانی 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە و نووسیویەتی "بەرەو ئەمەریکا بەڕێ کەوتین، چەند کۆبوونەوەیەک دەکەین، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نیوان عیراق و ئەمەریکا."
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕاشیگەیاند "لە ئەمەریکا چەند کۆبوونەوەیەک دەکەین، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا و هەماهەنگیی هەوڵەکان لەسەر پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان."
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ لایەنی ئەمەریکایی گفتوگۆ لەسەر ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی ئاسایشی هاوبەش و هاوکاریی لە بوارە جیاوازەکاندا دەکات.