سەفین دزەیی: دەمانەوێت نزای نیشتیمانی بکەینە نەریتێکی ساڵانە

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، مەبەستمان لە ڕێوڕەسمی نزای نیشتمانی ئەوەیە، ئەو پێکەوەژیان و فرەدینییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، پیشانی جیهانی بدەین و هەرێمی کوردستان وەکوو هێمای فرەپێکاهاتەییەی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بناسێنین.
گوتیشی، بڕیار درا بەشێک لە پارکێک لە پاریس بە ناوی پێشمەرگە بکرێت.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێـمی کوردستان و ئەندامی بۆرد و دەستەی ڕێکخەرانی ڕێوڕەسمی نزای نیشتیمانی، لە بارەی ڕێوڕەسمەکە، بە کوردستان24ـی گوت: دەمانەوێت ئەو ڕێوڕەسمە بکەینە نەریتێکی ساڵانە.  پێکەوەژیان و فرەدینی و فرەپێکهاتەی بکەینە هێمای هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵگەی نێودەڵەتیدا.

لەبارەی ئەوەی ئایا  ساڵی داهاتوو ڕێوڕەسمەکە بەردەوام دەبێت؟ ئاماژەی دا "لیژنەی ئامادەکاری، هەڵسەنگاندن بۆ سەرکەوتن و کەموکووڕی و دەستەکەوتەکانی ڕێوڕەسمەکە دەکەن و دواتر بڕیار لەو بارەیەوە دەدەن.

هەروەها سەفین دزەیی، باسی لەوەش کرد، دوای هەوڵێکی زۆر لەگەڵ شارەوانی فەرەنسا، بڕیار درا بەشێک لە یەکێک لە پارکەکانی پاریس بە ناوی پێشمەرگە بکرێت، ئەمەش وەکوو ڕێزێک بۆ هەوڵ و قوربانیی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە پێناو ئەو پێکهاتە جیاوازانەی لە هەرێمی کوردستان هەن.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێـمی کوردستان، لە بارەی بەشداربووانی ڕێوڕسمەکە ڕایگەیاند "ئەو کەسانەی بەشداریان لە ڕێوڕەسمەکەدا کرد، بەرپرسیارییەتیان لە حکوومەتی وڵاتەکەیان هەبووە یاخود ئێستا لە حکوومەتدا بەرپرسیارن. هاوکات بانگهێشتی ئەو کەسانە کراوە کە لە ناوەندە دینییەکاندا دەسەڵاتیان هەیە، ئەمەش بەو مەبەستەیە کە ئەو پێکەوەژیان و فرەدینی و ئاشتییەی کە سەدان ساڵە لە هەرێـمی کوردستان هەیە، بە چاوی خۆیان ببینن."

هەروەها گوتیشی: بەشێک لەو میوانانەی بەشداری ڕێوڕەسمەکەیان کرد، سەرسام بوون بەوەی لە ناوچەیەکی وەکوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هەمیشە پڕە لە ناسەقامگیری، ناوچەیەکی ئارامی وەکوو هەرێمی کوردستان هەبێت کە هەموو پێکهاتەکان بە ئازادانە لە ڕووی سیاسی، کەلتووری و دینی، ئەدای مافەکانی خۆیان بکەن.

سەفین دزەیی، باسی لەوەش کرد، ئەو پێکەوەژیان و فرەدینییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بە هیچ بڕیارێکی سیاسی نەسەپێنراوە، بەڵکوو تاکی کورد خۆڕسکانە باوەڕی بەو پێکەوە ژیانە هەیە. هاوکات سیاسەتی هەرێـمی کوردستان هەمیشە باوەشی بۆ هەموو پێکهاتەکان کردووتەوە، هەر بۆیەش هەموویان ڕوو لە هەڕێمەکەمان دەکەن.

لە بارەی پێگەی هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێـمی کوردستان، گوتی:  هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی سیاسی، ئابووری، پێکەوەژیان و وەک فاکتەری سەقامگیری لە ناوچەکە، وای کردووە لە مێژوودا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهێز بێت. هاوکات بەشداریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندە ئابوورییەکانی جیهان وەکوو ڕۆما، داڤۆس و ئەوانی دیکە وا دەکات پەیوەندییەکان بەهێزتر ببن.