بەریتانیا سزای ئابووری لەسەر دوو وەزارەتی سووریا هەڵگرت
حکوومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند، سزای ئابووریان لەسەر دوو وەزارەتی حکوومەتی نوێی سووریا هەڵگرت.
پێنجشەممە 24ـی نیسانی 2025، نووسینگەی جێبەجێکردنی سزا داراییەکانی بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی سووریا چیتر لە لیستی سزاکاندا نین و سەرچاوە دارییەکانیان سڕ ناکرێن.
هەروەها ڕاشیگەیاندووە، سزاکانی سەر ژمارەیەک گرووپی جۆراوجۆری میدیایی و ئاژانسەکانی زانیاریی هەڵگیراون.
نووسینگەکە ڕوونیشی کردووەتەوە، ئەو سزایانە، پێشتر بەهۆی سەرکوتکردنی هاووڵاتیان سووریا و پشتگیریی ڕژێمی پێشووی ئەسەد بەسەر ئەو دوو وەزارەتەدا سەپێنرابوون.
دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی ئەسەد، حکوومەتی نوێی سووریا هەوڵ دەدات وڵاتانی ڕۆژئاوا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕازیی بکات سزاکانیان لەسەر هەڵگرێت.