چیرۆکی وەفای جیمی ڤاردی و لیستەر سیتی کۆتایی دێت

جیمی ڤاردی ماڵئاوایی لە یانە دڵخوازەکەی دەکات

جیمی ڤاردی بە درێسی لیستەر سیتی
جیمی ڤاردی بە درێسی لیستەر سیتی

دوای 13 ساڵ یارییکردن بە درێسی لیستەر سیتی، جیمی ڤاردی بڕیاریدا لە کۆتایی ئەم وەرزە یانە ئینگلیزییەکە بەجێبهێڵێت.

چیرۆکی پەیوەندیکردنی ڤاردی بە لیستەر سیتی زۆر جیاوازە لە چیرۆکی یاریزانەکانی دیکە و بە ئاسایی پەیوەندی بە یانەکەوە نەکردووە.

یانەی شێفێڵد یونایتدی ئینگلیزی بەهۆی بەدڵنەبووی تواناکانی ڤاردی لە ساڵی 2005 بڕیاریاندا یاریزانەکە دووربخەنەوە، ڤاردی دووای دوورخرانەوەی راستەوخۆ وازی لە تۆپی پێ هێنا و لە کارگەیەکی خەڵووز وەك کرێکار دەستی بە کارکردن کرد.

دووای نزیکەی "8"مانگ لە رێگەی یانەی ستۆك برێچییەوە گەڕایەوە یاریکردن و بۆماوەی "3" وەرز بە خۆڕایی یاریی بۆ یانەکە کرد.

لە ساڵی 2010 پەیوەندی بە یانەی هاڵیفاکس تاونەوە کرد، کە لە خولی پلە پێنج یاریی دەکرد، توانی لە کۆی 27 یاریی 37 گۆڵ تۆماربکات.

ڤاردی لە ساڵی 2011 پەیوەندی بە فلیت ودەوە کرد، کە هەر لە خولی پلە پێنج بوو، لە کۆی 35 یاریی 31 گۆڵی بۆ ئەو یانەیە کرد.

دواتر لە ساڵی 2012 بە بڕی یەك ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی پەیوەندی بە لیستەرسیتی کرد و بوو بە گرانترین یاریزانی خولی پلە یەکی ئینگلیزی.

یاریزانەکە لەگەڵ لیستەر سیتی بووە بە گۆڵکار و نازناوی پرێمەرلیگی بەدەستهێناوە، لە 11 یاریی بەدوای یەکدا توانیویەتی گۆڵ تۆمار بکات و ئەو ریکۆردە بە ناوی خۆی بنووسێتەوە.

کاتێك ڤاردی لە لوتکەی ئاستی بوو، یانە گەورەکان داوایان دەکرد بچێتە یانەکەیان و پەیوەندییان پێوە بکات بەڵام ئەو بە گوتەیەکی مێژوویی وەڵامی دانەوە "من لیستەر سیتی بەجێناهێڵم، چونکە کاتێك ئەوان منیان ویست کەس منی نەدەویست"

جیمی لەبارەی رۆیشتنەکەی دەڵێت: هەست بە دڵتەنگی دەکەم بۆ بەجێهێشتنی یانەکە بەڵام پێشتریش دەمزانی رۆژێك هەر دێت چیرۆکەکەم کۆتایی بێت، 13 ساڵی باوەڕ پێنەکراوم تێپەڕکرد، بە زۆر بەرزی و نزمیدا تێپەڕین، بەڵام زۆرینەی کاتەکان لە بەرزی ماینەوە.

ڤاردی بەم رستەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "بۆ هەمیشە لیستەر سیتی لە دڵی مندا دەمێنێتەوە"

جیمی ڤاردی تەمەنی 38 ساڵە و 496 یاریی بە درێسی لیستەرسیتییەوە کردووە، توانیویەتی 198 گۆڵ بۆ یانەکە بکات و 69 ئاسیستی هەیە، بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان یەك ملیۆن یۆرۆیە.