لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیاری نوێ دەدات

وەزیری تەندروستی: چەند بڕیارێك لەبەر دەستن

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە و بڕیاری نوێ لەبارەی رێكار و رێنمایی دەدات. وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "چەند بڕیارێك لەبەر دەستن و لە كۆبوونەوەكە تاوتوێ دەكرێن".

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دەكرێت و كۆمەڵێك بڕیار و رێكار و رێنمایی لەبارەی دۆخەكە لەبەردەستە، دواتر لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ بڕیارەكان دەدرێن، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ھاووڵاتییان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ ئەوەی رێژەكە كەمبكرێتەوە و دۆخەكە تاڕادەیەك ئاسایی بكرێتەوە".

راشیگەیاند: "زۆربەی ئەو كەسانەی ئێستا تووشی كۆرۆنا دەبن پێویستیان بە  داخڵ بوون لە نەخۆشخانە ھەیە و بەشێكیشیان پێویستیان بە ئۆكسجین و چاودێری چڕە. لەم چەند رۆژەدا لە شوێنە گەشتیارییەكان قەرەباڵغی و بەریەك كەوتنی زۆر ھەیە و ھاووڵاتییان پابەند نابن، ئەمەش مەترسیدارە".

وەزیری تەندروستی جەختیكردەوە: "لە راوێژكردنداین بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا كۆمەڵێك بڕیاری لەبارەی رێكار و رێنمایی نوێ بدەین، بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا".

د. سامان بەرزنجی، ئەوەشی خستەڕوو: "ھەموو پێداویستییەكان بە زیادەوە لە نەخۆشخانەكانی تایبەت بە كۆرۆنا دابین كراوە، بۆ ئەوەی لە ھەر ئەگەرێكدا جێگرەوە ھەبێت، بەڵام چارەسەری سەرەكی خۆپارێزییە بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا".

باسی لەوەشكرد: "بەھۆی پابەندنەبوونی ھاووڵاتییان، پێشتر پێشبینی ئەوەمان كردبوو كە دۆخەكە بە ئێستا دەگات".

بەگوتەی بەرپرسانی تەندروستی ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان بەگشتی و پارێزگای ھەولێر بەتایبەت لە ھەڵكشانە،  تائێستا 4 ھەزار و 737 كەس لە سنووری پارێزگای ھەولێر تووشی كۆرۆنا بوونە و لەو ژمارەیەش 3 ھەزار و 97 كەس چارەسەركراون و 131 كەسیش گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی 14 ھەزار و 468 كەس لە ھەرێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوونە و لە كۆی ئەو ژمارەیە 560 كەس گیانیان لەدەستداوە.

ھ.م