ڕووسیا دەستگیرکردنی سیخوڕێکی ئۆکرانی بە تۆمەتی کوشتنی جەنەراڵێکی باڵا ڕاگەیاند
خزمەتگوزاریی ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، سیخوڕێكی ئۆکرانیای بە تۆمەتی کوشتنی جێگری بەرپرسی ئۆپەراسیۆنە سەرەکییەکانی ڕووسیا دەستگیر کردووە.
شەممە 26ـی نیسانی 2025، خزمەتگوزاریی ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئیگنات کوزین، سیخوڕێکی هێزی تایبەتی ئۆکرانیایە و لەدایکبووی ساڵی 1983 و دانیشتووی ئۆکرانیایە، بە تۆمەتی کوشتنی جەنەراڵ یارۆسلاڤ مۆسکالیک، جێگری بەرپرسی ئۆپەراسیۆنە سەرەکییەکانی ڕووسیا، دەستگیر کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری ڤۆڵکسواگن گۆڵف لە شاری بالاشیخا لە مۆسکۆ، یارۆسلاڤ مۆسکالیک کوژرا.
خزمەتگوزاریی ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا ئاماژەی بەوەش کردووە، تۆمەتبارەکە ئامێری تەقینەوەکەی لە ماڵهوە دروست کردووە و ئامێرەکەی به کۆنترۆڵ تەقاندووهتەوە.
خزمەتگوزاریی ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا ڤیدیۆیەکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا تۆمەتبارەکە دانی بە کوشتنی جەنەراڵ یارۆسلاڤ مۆسکالیک داناوه.
ئاژانسی فرانس پرێس لەم بارەوە بڵاوی کردووەتەوە، گومان دەکرێت تۆمەتبارەکە لە ژێر گوشاردا، دانی بە تاوانەکەی نابێت.
ئاماژەشی داوە، ئەگەری هەیە گومانلێکراوەکە بە تۆمەتی تیرۆر سزای مەرگی به سهردا بسەپینرێت.
ئەو ئاژانسە باسی لەوەش کردووە، ئۆكرانیا تاوەکوو ئێستا هیچ لێدوانێکی لەم بارەوە نەداوە.