ڕووسیا دانی بە بەشداریی سوپای کۆریای باکوور لە جەنگی دژی ئۆکرانیا نا

سەرۆکی ئەرکانی گشتیی سەربازیی ڕووسیا، پشڕاستی کردووە، کە سوپای کۆریای باکوور بەشداریی شەڕەکەیانی لەگەڵ ئۆکرانیا کردووە، هاوکات ستایشی ڕۆڵەکەیان دەکات و بە قارەمان ناویان دەبات.

شەممە 26ـی نیسانی 2025، سوپاسالاری ڕووسیا بۆ یەکەم جار ڕایگەیاند: کە سوپای کۆریای باکوور هاوشانی سوپای ڕووسیا لە کورسک شەڕییان کردووە.

ڤالێری جیراسیمۆڤ، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی سەربازیی ڕووسیا ستایشی بەشداریی سەربازانی کۆریای باکووری لە کورسک کرد گوتی: کۆریای باکوور پیشەییانە، خۆڕاگرانە، بوێرانە و قارەمانانە  شانبەشان سەربازانی ڕووسیا شەڕیان کردووە.

هاوکات بە گوێرەی سوپای کیێڤ، کۆریای باکوور نزیکەی 14 هەزار سەربازی بۆ ڕووسیا ناردووە. ئاماژەشی داوە، بەهۆی نەبوونی ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و شارەزانەبوونی سەربازەکان سوپای کۆریای باکوور، زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.

گوتیشی:، کۆریای باکوور سیستەمی موشەکی، تۆپخانە، مووشەکی بالیستیکی بۆ ڕووسیا دابین کردووە.

شەممە 26ـی نیسانی 2025، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، پیرۆزبایی لە هێزە سەربازییەکانی ڕووسیا کرد بەبۆنەی ئەو سەرکەوتنەی بەسەر هێزەکانی ئۆکرانیا لە کۆرسک بەدەستیان هێناوە، دووپاتیشی کردەوە، ئەو سەرکەوتنە  وا دەکات پێشڕەوییەکانی هێزی ڕووسیا بەردەوام بێت و کۆتایی بە سیستەمی نوێی نازیی بێنن.

سەرۆکی ڕووسیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی: یارییەکانی ئۆکرانیا بە تەواوی کۆتاییان هات، لایەنی ئۆکرانی گورزی گەورەیان بەرکەوتووە، لەگەڵ ئەوەی هێزەکانیان ڕاهێنراون و بە چەک و جبەخانەی ئەورووپی پڕکرابوون بۆ جەنگ، بەڵام لە هەموو بەرەکان شکستان هێناوە.