هیندستان..دوای هێرشەکەی کشمیر پۆلیس زیاتر لە 170 کەسی دەستگیر کرد
پۆلیسی هیندستان ڕایگەیاند، 175 کەسی دەستگیر کردووە گومانی ئەوەیان لێ کراوە، پەیوەندییان بە هێرشەکەی شاری پەهالگام لە جامو و کشمیر هەبێت، کە بووە هۆی کوژرانی 26 کەس.
گوتەبێژی پۆلیسی هیندستان پشتڕاستی کردەوە، چەندان هەڵمەت لە چوارچێوەی کردەیەکی ئەمنیی بەرفراوان لە شارۆچکەی ئانانتناگ دەستی پێ کردووە.
ڕوونی کردەوە، ئەوانەی دەستگیرکراون کەسوکاری ئەو چەکدارانەن کە گومانیان لێ دەکرێت پەیوەندییان بە هێرشەکەوە هەبێت لە سەرانسەری جامو و کشمیر. ئاماژەی بەوەش کرد، زۆربەیان دوای لێکۆڵینەوە ئازاد کراون.
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵمەتەکانی گەڕان، لەلایەن پۆلیسەوە بە هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکانی دیکە دەکرێت.
هەروەها خاڵی پشکنینی گەڕۆک لە ناوچەکەدا جێگیر کراون بۆ چاودێریکردنی هەر جووڵەیەکی گوماناوی، بۆسەی ئەمنیی دانراوە و دەورییە چڕتر کراوەتەوە، بەتایبەتی لە دارستانەکان.
پێشتر هێزە ئەمنییەکانی هیندستان ماڵی پێنج کەسیان ڕووخاند، گومانی تێوەگلانیان لەو هێرشەدا هەبوو، لەنێویاندا ماڵی سەرکردەیەکی تیرۆریستی لەشکر تەیبە.
لە 23ـی نیسان چەند چەکدارێک هێرشێکیان کردە سەر شوێنێکی گەشتیاری لە شاری پەهالگام و لە ئەنجامدا 26 کەس کوژران و چەندان کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەرەی خۆڕاگریی کشمیر بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند، هیندستان ئەو بەرەیەی بە ڕێکخراوی تیرۆریستی دەستنیشان کردووە کە بانگەشەی ئەوە دەکات، پەیوەندی بە لەشکری تەیبەوە هەیە.
ئەم هێرشە، گرژیی نێوان هیندستان و پاکستانی لێ کەوتەوە و نیودەلهی، هەواڵگریی پاکستانی بە هەماهەنگی لەگەڵ هێرشبەرەکان تۆمەتبار کرد، ئەوەش لەلایەن دەسەڵاتدارانی پاکستانەوە ڕەت کرایەوە.