ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەکەی ئێران گەیشتە 25 کوژراو و زیاتر لە 800 بریندار

ئاگری تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی ئێران هێشتا کۆنترۆڵ نەکراوە

ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی شارستانی بەندەر عەباس، گەیشتە 25 کەس و زیاتر لە 800 بریندار،  بەرگریی شارستانیی بەندەرەکەش ئاشکرای کرد، تاوەکوو ئێستا بە تەواوەتی نەتوانراوە ئاگری تەقینەوەکە کۆنترۆڵ بکەن.

محەممەد ئاشووری، پارێزگاری هورمزگان لەگەڵ ڕاگەیاندنی دوا ئاماری قوربانیانی تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی، کە ژمارەیان بۆ 25 کوژراو و زیاتر لە 800 بریندار بەرز بووەتەوە، ڕاشیگەیاند، سێ ڕۆژ ماتەمینی سەرتاسەری دەبێت.

هاوکات پێشبینی دەکات، بەهۆی بەهێزی و کاریگەریی تەقینەوەکە ژمارەی قوربانیان زیاتر ببێت.

هەر لە بارەی ڕووداوەکەوە، ئاژانسی ئیقتسادنیووزی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی نیسان 2025، بڵاوی کردووەتەوە، تاوەکوو ئێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانی نەیانتوانیووە ئاگری تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی بکوژێننەوە.

هەروەها ئاژانسی میهر، لە زاری بابەک مەحموودی، سەرۆکی ڕێکخراوی فریاگوزاریی مانگی سوور بڵاوی کردووەتەوە، سەرجەم بریندارەکانی تەقینەوەکە گواستراونەتەوە نەخۆشخانە و ئاماری قوربانییەکانیش هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە.

هەروەها هیوادارە بەرلەوە ڕەشەبا هەڵبکات، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بتوانن کۆنترۆڵی ئاگرەکان بکەن و پێویستیان بە تیمی دیکەی فریاگوزاریی و بەرگری شارستانی نەبێت.

لەلایەکی دیکەوە  ئەحمەد پویافەر، قایمقامی بەندەر عەباس ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ یەکشەممە، بەهۆی کارەساتی تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی و پیسبوونی بەرگە هەوا، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمییە. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment