بەڤیدیۆ... ساتی بەئامانجکردنی چوار چەکدار لەلایەن ئیسرائیل
گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل: ئەو چوار کەسە لە سنووری ئیسرائییل بۆمبیان چاندووە
K24 - هەولێر
سوپای ئیسرائیل گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تێیدا چوار چەکدار لەنزیک سنوورەکانی دەکاتە ئامانج.
لە ڤیدیۆکەدا چوار کەس دەردەکەون، کە سوپای ئیسرائیل دەڵێ خەریکی دانانی بۆمب بوون لە سنووری نێوان سووریا و ئیسرائیل لە نزیک بەرزاییەکانی جۆلان.
یەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی تایبەت بە میدیای عەرەبیی سوپای بەرگریی ئیسرائیل لە رێگەی ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر، لە زنجیرەیەک توویتدا: وێنە، ڤیدیۆ، گرافیک و زانیاریی لەبارەی ئەو رووداوە ئاشکرا کردووە.

گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل دەڵێ "لە باشووری بەرزاییەکانی جۆلان چەکێک و جانتایەک دۆزراونەتەوە، کە چەند بۆمبێکی چێنراوی ئامادەکراوی تێدابووە بۆ ئەوەی لەدژی سوپای ئیسرائیل بەکاربهێنرێت، شوێنەکە 25 مەتر لە پەرژینی سنووری خاکی ئیسرائیل دوورە".
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەدرەعی ئاشکرای کردوون؛ ئەو چوار کەسەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەون، لە ناوچەی تەل فارس لە سنووری سووریاوە چوونەتە نێو خاکی ئیسرائیل و بۆمبیان چاندووە، لەوکاتەشدا لەلایەن هێزەکانی سوپای بەرگریی ئیسرائیلەوە بینراون.
لەبارەی ناسنامە و ئەو لایەنانەی چەکدارەکان کاریان بۆ کردوون، ئەدرەعی دەڵێ "هەتاوەکو ئێستا بەتەواوی دڵنیا نین لە ناسنامە و پەیوەندییە رێکخراوەییەکانیان، لەکاتێکدا دەزانین چەند گرووپێک لە ناوچەکە هەن و بەشێکیان پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە. ئێستا ناتوانین ئەو هەوڵە بە هەڕەشەکانی حیزبوڵڵا گرێبدەین، بەڵام بەدووریشی نابینین پەیوەندییان هەبێت".


هـ.ر.