قەتەر: لەبارەی ڕاگرتنی جەنگی غەززە بەرەوپێشچوون هەیە

سەرۆک وەزیرانی قەتەر، کە وڵاتەکەی نێوەندگیری حەماس و ئیسرائیل دەکات، ڕایگەیاند، لە ڕاگرتنی جەنگی غەززە بەرەوپێشچوون هەیە.

یەکشەممە 27ـی نیسانی 2025، شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئەلسانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی پێنجشەممە ڕابردوو لە دەوحە لەگەڵ دەیڤید بارنیا، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لەبارەی ڕاگرتنی شەڕی غەززە کەمێك بەرەوپێشچوون هەبوو.

سەرۆک وەزیرانی قەتەر گوتیشی: لەو بارەوە پرسیارێکی جەوهەری هەیە ئەویش ئەوەیە؛ ئەو شەڕە چۆن کۆتایی دێت؟. گوتیشی: پێم وایە ئەوە کلیلی دەستپێکردنی هەموو دانوستانەکانە.

لە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، بە نێوەندگیری قەتەر، میسر و ئەمەریکا، ئاگربەستی غەززە لە نێوان حەماس و ئیسرائیل چووە واری جێبەجی کردنەوە، بەڵام بەر لە دەستپێکردنی قۆناغی دووەم، ئاگربەستەکە کۆتایی هات و ئیسرائیل دەستی بە هێرشەکانی کردووە.

ڕۆژی شه‌ممه‌، 26ـی نیسانی 2025، به‌رپرسێكی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی ڕایگه‌یاندبوو‌، ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ڕێك بكه‌ون بۆ ئاڵوگۆڕی بارمته‌كان و زیندانییه‌ فه‌ڵه‌ستییه‌كان و ئاگربه‌ستێك بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ.