ئەستێرەكانی كلاسیكۆ بۆ كوردستان24 دەدوێن
كۆندی: ئەم نازناوە دیارییەك نەبوو لە لایەن مەدریدییەكان بەڵكو بەهێزی خۆمان بردمانەوە
دوای ئەوەی لە یارییەكی پڕگۆڵ و مێژووییدا بارسێلۆنا توانی شكست بە ریال مەدرید بێنێت، هانزی فلیك رایگەیاند ئەستێرە بچووكەكانی لەو یارییە وەكو ئەستێرەیەكی گەورە دەركەوتن. لە بەرامبەردا ئانچیلۆتی جەختی لەوە كردەوە نازانێت داهاتووی چی بەسەر دێت. لە لایەكی دیكەیشەوە بەشێك لە ئەستێرەكانی كلاسیكۆ بۆ چوونی خۆیان بۆ كوردستان24 دەربڕی.
هانزی فلیك: شەڕ بۆ هەموو نازناوەكان دەكەین
یانەی بارسێلۆنا بە سەركردایەتی هانزی فلیكی راهێنەری ئەڵمانی سێیەمین كلاسیكۆی لەسەریەكی لەم وەرزە لە ریال مەدرید بردەوە، لەمبارەیەوە فلیك دەڵێت: بەراستی رۆژێکی باوەڕوپێنەکرابوو، هەمیشە لەناو یاریگادا وەڵام دەدەینەوە، ئێمە ئەم وەرزە ئامادەین شەر بۆ هەموو ناسناوەکان بکەین، بەڵام ئەرکمان قورسە، شانازی بە یاریزانەکانم دەکەم، بۆ ئەو کارانەی لە ناویاریگادا دەیکەن هەرگیز وازناهێنن، هاندەرانیش شانازی بەتیپەکە دەکەن، هەموو شتێك پەیوەندی بە راهێنەرەوە نییە، ستافی پشت راهینەر و کارگێری و یاریزانەکان کاریگەری زۆریان لەسەر ئەنجامەکان هەیە، ئەوان بە عەقڵیەتێكی گەورەو جیاواز دەردەکەون.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دا، هانزی فلیک رایگەیاند گەڕانەوەیان لەو یارییە بەرامبەر ریال مەدرید زۆر خەیاڵی بوو، دەشڵێت: ئێمە بەباشی یاریزانەکانمان بۆ ئەم یارییە هەڵبژارد، تەنانەت گۆرانکارییەکان زۆر باشبوون، ئێمە تاوەکو کۆتایی هەرگیز هیوا لەدەست نادەین، ئەوەشمان لەنێو یاریگە بەكردرا سەلماندووە، سەرەڕای ئەوەی یارییەکە زۆر قورس بوو، بەڵام یاریزانە گەنجەکانمان وەک ئەستێرەی گەورە دەرکەوتن و توانیمان نازناوەكە ببەینەوە.
ئانچیلۆتی: دڵگرانم و نازانم داهاتووم چی بەسەر دێت
كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنەری یانەی ریال مەدرید دوای دۆڕانەكەیان لە یاریی كۆتایی جامی شا رایگەیاند زۆر دڵگرانە بەهۆی لەدەستدانی ئەم نازناوە، دەشڵێت: یاریزانەكانمان ئاستێکی باشیان پێشکەش کرد، بەڵام دەبێت بەردەوامبین لە رکابەریکردنی لالیگا، تیپەکەمان باشبوون، هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی سەرزەنشتی یاریزانەکان بکەم، زۆر بە باشی رکابەریمان کرد، پێموایە ئەگەر سەرکەوتنمان بەدەستهێنابووایە ئەم قسانە پێچەوانە دەبوونەوە.
ئانچیلۆتی: گوتیشی: لە نیوەی دووەم بە تەواوی لە بردنەوە نزیک بووین، ئیمباپێ بەهۆی گەرانەوەی لە پێکان نەیتوانی 90 خولەک یاری بکات، ئەو بەهۆی پێکان خێراییەکەی کەمیک دابەزی بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كاتێك هاتە نێو یاریگە زۆرباش بوو، خۆشبەختانە گۆڵی یەکسانبوونی تۆمار کرد، دەرفەتی زۆری بۆ رەخسا، بەڵام نەیتوانی تاکۆتایی بەباشی خۆی راگرێت.
ئانچیلۆتی جەختی لەوەش كردەوە لە چارەنووسی خۆی لەگەڵ ریال مەدرید دڵنیا نییە و نازانێت چی بەسەر دێت، دەشڵێت: رەنگە بمێنمەوە، دوورنییە پێش ئەم وەرزە لە یانەكە برۆم، ئەمە پەیوەندی بەداهاتوو هەیە، بزانین لە چەند هەفتەی داهاتوو چی روودەدات تا ئەو کاتە چاوەرێ دەکەین.
ئینیگۆ: ئەمجارە نۆرەی سەركەوتنە لە چامپیۆنزلیگ
ئینیگۆ مارتینێز بەرگریكاری بارسێلۆنا لە دوای سەركەوتنەكەیان لە دژی ریال مەدرید رایگەیاند ئەوان بۆ ئامانجێك هاتبوون و پێی گەیشتن، دەشڵێت: ئێمە پێش یارییەکە جگە لە سەرکەوتن لە کلاسیکۆ و بردنەوەی نازناوەکە بیرمان لە هیچ نەکردەوە، بە یەک تیپ و یەک هێز بڕیارماندا سەرکەوتن تۆمار بکەین، راستە هەندێکجار بە کاتی سەخت تێپەڕین بەتایبەت بەرامبەر ریاڵ مەدرید، چەند جارێک گۆڕانکاری لە ئەنجامەکە روویدا، بەڵام ئەوەی گرنگە لە کۆتاییدا ئێمە گۆڵی سەرکەوتنمان تۆمار کرد، ئەم سەرکەوتنە زۆر ناوازەیە.
ئینیگۆ گوتیشی: لەم یارییە نمونەیەکی جوانمان پیشانی هاندەرانمان دا، ئەوان چاوەڕێی ئەم سەرکەوتنە بوون، دوای ماندووبوونێکی زۆر کەمێک پشوو دەدەین و دواتر دەست بە ئامادەکاریی دەکەینەوە بۆ یارییەکی دیکەی گرنگ، دوای بردنەوەی سێیەم کلاسیکۆی لەسەریەک دەمانەوێت ئەمجارە لە چامپیۆنزلیگ سەرکەوتن تۆمار بکەین.
كۆندێ: ئەمە دیارییەك نەبوو لە لایەن مەدریدییەكان
جۆیل كۆندێ بەرگریكاری فەرەنسی بارسێلۆنا لە وەڵامێكی كوردستان24 رایگەیاند ئەم وەرزە چاویان لە سەرجەم نازناوەکانە، دەشڵێت: بەڕاستی پێویستە سەرجەم هاندەرانی بارسێلۆنا شانازی بە تیپەکەیان و ئەنجامەکانی ئەم وەرزە بکەن. بردنەوەی نازناو لە ریاڵ مەدرید کارێکی زۆر قورسە، ئەوان ویستیان دەرگامان لێ دابخەن و نازناوەکە بۆ خۆیان ببەن، بەڵام خۆمان بەدەستەوە نەدا و لە کۆتاییدا سەرکەوتین، ئێمە هەموو کاتێک پشت بە خۆمان دەبەستین و چاوەڕێی کەس ناکەین، ئەم نازناوەش بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆمان بردمانەوە و دیارییەک نەبووە لەلایەن مەدریدییەکانەوە.
كۆندێ گوتیشی: ئێستاش کاتی ئەوەیە کەمێک پشوو بدەین و دواتر بیر لە یارییەکانی داهاتوو بکەینەوە، زۆر ماندوو بووین بەڵام بەم سەرکەوتنە و بە بردنەوەی نازناوەکە لەسەر ئەستۆی ریاڵ مەدرید هەموومانی دڵخۆش کرد . بەڵێ لە داهاتوو ئەرکمان قورسترە و دەزانین بەرامبەر ئینتەر میلان یاریی دەکەین، ئێمە کارەکانمان بەباشی کردووە و هەوڵدەدەین ئەم یارییەش ببەینەوە. بارسای ئەم وەرزە ناوازەیە و دوای بردنەوەی دوو نازناو، ئێستا چاومان لە بردنەوەی لالیگا و چامپیۆنزلیگە.
پێدری وەڵامی كوردستان24ـی دایەوە
پێدری لە یاریی شەوی رابردووی كلاسیكۆ، گۆڵی یەكەمی یارییەكەی لە دژی ریال مەدرید تۆمار كرد، لە دوای یارییەكە رایگەیاند زۆر دڵخۆشە بەم سەرکەوتنە، دەشڵێت: گۆڵەکەشم پێشکەشی خانەوادەکەم و هاندەرانی بارسێلۆنا دەکەم، بەڕاستی یارییکردن بەرامبەر ریاڵ مەدرید ئاسان نییە، ئەوان وەکو دڕندە یاریی دەکەن، بەڵام بەختمان هەبوو زوو گۆڵی یەکسان بوونەوەمان کردەوە و لە کۆتاییشدا سەرکەوتین، بردنەوەی ئەم نازناوە پاڵنەرێکی باشە بۆ ئەوەی لە یارییەکانی داهاتوو باشتربین و چاو لە بردنەوەی نازناوەکانی دیکە بکەین، راستە بەهۆی زۆری یارییەکانەوە ماندوو دەبین، بەڵام کاتێک براوە دەبیت ماندووبوونەکە نامێنێت.
لە لایەكی پێدری گۆنزالێز لە بەرسیڤی كوردستان24 رایگەیاند لە تیپەکەیان کۆمەڵێک گەنجی زۆر بە توانا هەن و خەونی گەورەمان هەیە، گوتیشی: لە بارسێلۆنا خەون و ئاواتی زۆرمان هەیە و بە ئاسانی ناوەستین، هێشتا دوو نازناوی ئەم وەرزەمان لەبەردەم ماوە و دەجەنگین بۆ بردنەوەی ئەم دوو نازناوەش.