لاڤرۆڤ: ڕووسیا لەسەر پرسی ئۆکرانیا ئامادەیە سازش بکات
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، ڕووسیا ئامادەیە سازش لەگەڵ ئۆکرانیا بکات و لەگەڵ واشنتنیش دەست بە بازرگانی بکات. هاوکات ستایشی سەرۆکی ئەمەریکا دەکات و لێدوانەکانی لەبارەی هەرێمی کریمیا بە ڕاست ناو دەبات.
یەکشەممە 27ـی نیسانی 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند، ڕووسیا لەسەر پرسی ئۆکرانیا ئامادەییە سازش بکات، بەڵام دەیەوێت هاوسەنگی لە بەرژەوەندییەکان هەبێت.
لە بارەی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا لەسەر خاوەنداریەتی هەرێمی کریمیا، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی دا، لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ لەو بارەیەوە ڕاستەن، ئەو لەوە تێ دەگات کە ڕووسیا دانوستان لەسەر دابەشبوونی ناوچەکانی ناکات.
هەروەها گوتیشی: ڕووسیا هیچ پێشنیازێکی لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر مۆسکۆ لەلایەن واشنتنەوە پێ نەگەشتووە، بەڵام ڕووسیا ئامادەیە بازرگانی لەگەڵ ئەمەریکادا بکات.
لە بارەی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر باڵەخانە مەدەنییەکانی ئۆکرانیا، سێرگی لاڤرۆڤ ڕایگەیاند، هێرشەکەی هەفتەی ڕابردوو بۆ سەر ئەو باڵەخانەیە، بە مەبەستی بە ئامانجگرتنی هاووڵاتییان نەبووە.
گوتیشی: هەر باڵەخانەیەک کە سوپای کیێڤ بە مەبەستی سەربازی و سیخوریکردن سەر ڕووسیا بەکار بهێنێت، ئەوە ئێمە هێرشی دەکەینە سەر.
سەبارەی بە پرسی بەرنامەی ئەتۆمی تاران، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی دا، ئەگەر ئێران و ئەمەریکا ڕازیبن، ئەوە وڵاتەکەی ئامادەییە ماددە ئەتۆمییەکانی ئێران هەڵبگرێت.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی نیسانی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لە بارەی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، هەفتەی داهاتوو ئەمەریکا هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی ئاشتی ئۆکرانیا دەکات و بڕیار لەسەر بەردەوامبوونی لە پرۆسەکە دەدات.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی: هەفتەی داهاتوو، هەفتەیەکی چارەنووسساز دەبێت بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا.