بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: 594 پرۆژەی ڕێگاوبان تەواوکراون

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات ئەمساڵ ژمارەیەک پرۆژەی ڕێگاوبان تەواو کراون و ژمارەیەکی دیکەش لە جێبەجێ کردندان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی نیسانی 2025، ئاگرین عەبدوڵڵا بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت: بەگشتیی 594 پرۆژەی رێگاوبان تەواوکراون و دوو هەزار و 189 کیلۆمەتر خراونەتە خزمەت هاوڵاتییان.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە باسی ژمارەیەک لەو پرۆژانە کرد کە ئێستا کاریان تێدا دەکرێت و تەواونەکراون و گوتی: بەشێکی زۆریان ئەمساڵ تەواو دەکرێن، کە چەند پرۆژەیەکیان شادەمارن و بریتین لەمانە:
-دووسایدی دهۆک - باعەدرێ، بە تەواوبوونی ڕێگەی نێوان هەولێر بۆ دهۆک، 15خولەک کورتتر دەکاتەوە.
-ڕێگەی کەلەک- بەڕدەڕەش.
-دووسایدی ئاکرێ- قەندیل.
-ڕێگەی کەلار- گەرمیان، ئەمساڵ تەواو دەکرێت.
-ڕێگەی کۆڕێ- شەقڵاوە.
-ڕێگەی هەولێر-کۆیە.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئاگرین عەبدوڵڵا ڕاشیگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆرترین پرۆژەی لە کەرتی ڕێگاوبان جێبەجێکردووە.