عێراق لە چارەکردنی قەیرانی کەمئاوی شکستی هێناوە

بە گوێرەی پێشبینییەکان ئەمساڵ عێراقییەکان هاوینێکی سەخت دەگوزەرێنن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نیشانەکانی قەیرانی کەمئاوی بەهۆی وشکەساڵی و کەمیی بارانەوە دروست دەبێت.
هەرچەندە کێشەی ئاو شتێکی نوێ نییە، بەڵام سیاسەتەکانی تورکیا نیگەرانی لێ کەوتووەتەوە کە پشکی عێراقی لە ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات سنووردار کردووە.
تا ئێستا بەغدا لەگەڵ ئەنقەرە نەگەیشتووەتە لێکگەیشتنێکی کۆتایی کە بەگوێرەی پەیماننامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان مافی یاسایی عێراق بۆ ئاو گەرەنتی بکات.
داخل ڕازی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، هۆشداری لە قەیرانی کەمئاوی لەسەر پلانی کشتوکاڵی هاوینە دا و گوتی: قەیرانی کەمئاوی هەڕەشە لە جێبەجێکردنی پلانی کشتوکاڵی هاوینە دەکات و حکوومەتیش شکست دەهێنێت لە چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە.
ئاماژەی بەوەش کرد "سیاسەتەکانی تورکیا بۆ کەمکردنەوەی بڕی ئاو بۆ عێراق کاریگەریی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ هەیە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور."
ئەو پەرلەمانتارە داوای لە حکوومەت کرد "لەگەڵ ئەنقەرە لە بارەی پرسی ئاوەوە بگەنە لێکگەیشتنێکی ڕوون و خێرا." جەختیشی کردەوە "عێراق کەشێکی ئابووری پاڵپشت بۆ وەبەرهێنانەکانی تورکیا دابین دەکات، کە داوای بەهێزکردنی هاوکارییەکان و دەستەبەرکردنی پشکی ئاوی دادپەروەرانە دەکات."

لای خۆیەوە سائیر جبوری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمان، ڕایگەیاند، تورکیا پابەند نەبووە بە ڕێککەوتنە دووقۆڵییەکان لەگەڵ عێراق دەربارەی بەردانەوەی بەشەئاوی ڕووباری دیجلە.
گوتیشی: "ئاستی بەردانەوەی ئاوی سنووردار کردووە سەرەڕای بەڵێنەکانی ئەنقەرە بۆ زیادکردن و بەردانەوەی بڕێکی زیاتر ئاو." دەشڵێت: "بەردەوامیی ئەم دۆخە قەیرانی وشکەساڵی زیاتر دەکات، بەتایبەتی بەهۆی کەمی بارانەوە."
جەختیشی کردەوە، بەپێی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، عێراق مافی یاسایی هەیە پشکی تەواوی خۆی لە ئاوەکانی دیجلە و فورات بەدەست بهێنێت.