راگەیهندراوێك لە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێرەوە
نۆڕینگەكان بەم مەرجانە دەكرێنەوە
K24 - هەولێر:
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی پێویستیی هاووڵاتیان بە سەردانی پزیشك بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكانیان و دوای راوێژكردن لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاریانداوە نۆڕینگەكان و كۆمەڵگە پزیشكییەكان لە سنووری پارێزگاكە بكرێنەوە، بەڵام بە چەند مەرجێك.
دەقی راگەیەندراوەكەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر:
سەبارەت بە نۆڕینگە و سەنتەر و کۆمەڵگا پزیشکییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، لەبەر دۆخی تەندروستی و پێداویستی خەڵك، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بەڕاوێژ لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا بەکردنەوەیان، بەم مەرجانەی خوارەوە:
یەکەم: کردنەوەی نۆڕینگە و سەنتەر و کۆمەڵگا پزیشکییهکان ئارەزوومەندانەیە.
دووەم: لە هۆڵی چاوەڕوانی نابێت لە 4 نەخۆش زیاتری لێبێت و نێوانی هەر یەکێکیان لە دوومەتر کەمتربێت.
سێیەم: پزیشك دەبێت دەستکێشی لەدەستبێت و ماسك ببەستێت.
چوارەم: نەخۆش نابێت لە یەك هاوەڵ زیاتری لەگەڵ بێت و دەبێت هەردووکیان ماسکیان بەستبێت.
پێنجەم: رۆژانە نۆڕینگە و سەنتەر و کۆمەڵگە پزیشکییەکان تەعقیم بکرێن.
شەشەم: رۆژانە نابێت له ١٥ نەخۆش زیاتر ببینرێن.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
2020/8/4
H.B