وەزیری ناوخۆی ئێران هۆکاری تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی ئاشکرا کرد

ژمارەی قوربانییانی تەقینەوەکه‌ی بەندەری ڕەجاییە به‌رز بووه‌وه‌ و تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 70 کەس گیانیان سپاردووە، هاوکات وەزیری ناوخۆی ئێرانیش گوتی: تەقینەوەكه‌ لە ئەنجامی کەمتەرخەمییەوە ڕووی داوە.

دووشەممە 28ـی نیسانی 2025، مێهرداد حەسەنزادە، بەڕێوەبەری بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەكه‌ی بەندەری شەهید ڕەجایی تاوەکوو ئێستا 70 کەس گیانییان سپاردووە

هەروەها ئاماژەشی دا، ئاگرەکە لە قۆناغی کۆتایی کۆنترۆڵ کردن دایە. 

ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران، بە مێدیاکانی وڵاتەکەی گوت: تەقینەوە بەندەری ڕەجایی بەهۆی کەمتەرخەمی و پابەند نەبوون بە ڕێسای سەلامەتی ڕووی داوە. ئاماژەشی دا، ئەوانەی لێی بەرپرسیارن دۆزراونەتەوە و بانگێشت کراون.

هاوکات ڕاشیگەیاند، لێکۆلینەوەکان لەوبارەوە بەردەوامن.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، موجتەبا خالیدی، گوتەبێژی کۆمەڵەی مانگی سوور، بە تەلەفزیۆنی فەرمیی حکوومەتی ئێرانی ڕاگەیاندبوو، بەهۆی تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی زیاتر لە هەزار و 500 کەسی بریندار بوونە، هاوکات 50 تیمی فریاگوزاریی و تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەکە هاوکاریی خەڵکی لێقەوماو دەکەن.

ڕۆژی شەممە 26ـی نیسانی 2025، ئاژانسەکانی هەواڵی ئێرانی بڵاویان کردبووەوه‌، تەقینەوەیەکی بەهێز کە گوندەکانی دەورووبەریشی لەگەڵ هەژاندووە، لە بەندەری شەهید ڕەجایی بەندەر عەباس، لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران ڕووی داوە و زیانێکی زۆری بە بەندەرەکە گەیاندووە.