وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و ئەمەریکا پرسی ئۆکرانیایان تاوتوێ کرد
وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەیان لە بارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا کرد؛ هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردووەتەوە وڵاتەکەی هاوکار دەبێت لە کۆتاییهێنان بە جەنگەکەیان.
دووشەممە 28ـی نیسانی 2025, تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دوێنێ یەکشەممە بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەشی دا، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بۆ وەزیری دەرەوەی ڕووسیای دووپاتی کردووتەوە، ئەمەریکا پابەندە بە نێوەندگیریی بۆ کۆتاییهێنان بەو جهنگه.
هەروەها گوتیشی: باسیان لە هەنگاوی داهاتووی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە بارەی گفتوگۆی ئاشتیانەی نێوانیان کردووە. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختیشی کردووەتەوە، پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بەو جەنگە بهێنن.
ڕۆژی یەکشەممە 27ـی نیسانی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لە بارەی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، هەفتەی داهاتوو ئەمەریکا هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی ئاشتی ئۆکرانیا دەکات و بڕیار لەسەر بەردەوامی لە پرۆسەکە دەدات.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی: هەفتەی داهاتوو، هەفتەیەکی چارەنووسساز دەبێت بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا.