ماکرۆن: فشارەکانمان لە 10 ڕۆژی داهاتوودا له‌سه‌ر مۆسکۆ زیاتر دەکەین

سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، لە ماوەی 10 ڕۆژی داهاتوودا، ڕووسیا ڕووبەڕووی زۆرترین فشار لە بارەی پرسی ئۆکرانیا دەبێتەوە. گوتیشی، دەبێت لەگەڵ ئەمەریکا هەڵوێستەکانمان بەرانبەر مۆسکۆ توندتر بکەین.

ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە چاوپێکەوتنێکیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی نیسانی 2025 بڵاو کراوەتەوە ڕایگەیاندووە، هاوپەیمانی ڕۆژئاوا لە ماوەی هەشت بۆ 10 ڕۆژی داهاتوو فشارەکانیان بەرانبەر ڕووسیا لەبارەی پرسی ئۆکرانیا فراوانتر دەکەن.

سەرۆکی فەرەنسا هه‌روه‌ها بۆچوونی خۆی ده‌ربڕیوه‌ و پێی وایە ئەمەریکای ڕازی کردووە هەڕەشەکانی بەرانبەر ڕووسیا زیاتر بكات، بەتایبەت سەپاندنی سزا بەسەر مۆسکۆ.

ماکرۆن هەروەها گوتیشی: دەبێت شاندێكی ئەمەریکا بە زووترین کات سه‌ردانی کێیڤ بكات بۆ ئەوەی هەلومەرجێک بۆ ئاگربەستەکە بڕەخسینێت، هاوکات دەبێت بە وردی کار لەسەر هەڵسەنگاندنی هاوکارییەکانی ئۆکرانیا بکەن.

ئیمانوێڵ ماکرۆن جەختیشی کردەوە، بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمەریکا دەبێت فشارەکەمان بەرانبەر ڕووسیا بۆ جێبەجیکردنی ئاگربەست زیاتر بکەین.

هاوکات سەرۆکی فەرەنسا سوپاسی سەرۆکی ئەمەریکا دەکات و گوتی: سەرکەتوو بووین لە فشار خستنە سەر ڕووسیا. ئاماژەشی دا، دادپەرەوەرانە نەبوو بە تەنیا فشارەکان لەسەر ئۆکرانیا زیاد بکەین.

ڕۆژی شەممە 26ـی نیسانی 2025، ئیماونیڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە ڤاتیکان لە پەراوێزی مەڕاسیمی ماڵئاوایی پاپا کۆ بوونەوە.

سەرۆکی فەرەنسا لە بارەی کۆبوونەوەکە گوتی: بە سەرۆکی ئەمەریکام گوت، دەبێت بەرانبەر ڕووسیا توندتر بین، هاوکات هانم دا هەڵوێستەکانی بەرانبەر پوتن توندتر بکات.

ماکرۆن لە ڤاتیکان گوتی: 15 ڕۆژی داهاتوو زۆر گرنگ دەبێت بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەست لە ئۆکرانیا.