پارتی لیبراڵ زۆرینەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی کەنەدای بەدەست هێناوە
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی کەنەدا، پارتی لیبراڵ زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێناوە و حکوومەتی داهاتووی وڵاتەکەی پێک دەهێنێت، هاوکات پارتی پارێزگارانی کەنەدا دەبێتە هاوبەشی پارتی لیبراڵ.
سێشەممە 29ـی نیسانی 2025، بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی کەنەدا، پارتی لیبراڵی کەنەدی 164 (کورسی)بازنەی هەڵبژاردنی بردووتەوە، لە بەرانبەردا پارتی پارێزگارانی کەنەدا 147 (کورسی) بازنەی هەڵبژاردنی بەدەست هێناوە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەز بڵاوی کردووەتەوە، مارک کێرنی، سەرۆک وەزیرانی ئێستای کەنەدا، دوای ئەوەی توانی متمانەی هاووڵاتیان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی دۆناڵد ترەمپ بەدەست بهێنێت، بووە براوەی هەڵبژاردن.
هەروەها ئاماژەشی داوە، هەر پارتێک بۆ ئەوەی بتوانێت بە تەنیا حکوومەت پێک بهێنێت لە 343 کورسی پێویستی بە 172 (کورسی) بازنەی هەڵبژاردنە، بەمەش هیچ کام لە پارتەکان ئەوە ڕێژەیان بەدەست نەهێناوە، بۆیە پارتی لیبراڵ زۆرینەی حکوومەت و پارتی پارێزگارانیش کەمینەی حکوومەت پێک دەهێنن.
هاوکات مارک کێرنی، سەرۆک وەزیرانی ئێستای کەنەدا، سەرکەوتنی پارتەکەی ڕاگەیاند و گوتی: سوپاسی گەلی کەنەدا دەکەین کە متمانەیان پێ داینەوە، هاوکات حکوومەتی داهاتووی کەنەدا حکوومەتێکە بۆ هەموو پێکهاتەکان دەبێت.
سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، لەبارەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا گوتی: پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و کەنەدا پەیوەندییەکی هاوبەشبوو و لە هەموو بوارێک پشتیان بەیەک دەبەستی و بازرگانی ئازادییان لە نێواندا هەبوو، بەڵام چیتر بەرگەی ناپاکییە بازرگانییەکەی ئەمەریکا ناگرین، ڕێگە نادەین ئەمەریکا لە قۆرغکاری بەردەوام بێت.
ئاماژەشی دا، ڕۆژانی پڕ ئاڵنگاری چاوەڕێیان دەکات، بەڵام ئەم جەنگە بازرگانییە دەبەنەوە، گوتیشی: هەرگیز نابێت ئەو وانەیەی ئەمەریکا لەبیر بکەین.