بازاڕی ماسیی حەوزەکان گەرمە

بەڕێوەبەری گشتیی کشوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی قەدەغە کردنی ڕاوەماسی، نرخی ماسی بەرزە.
سێشەممە، 29ـی نیسانی 2025، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشوکاڵی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان،24 ڕایگەیاند "گرانبوونی نرخی ماسی دەگەڕێتەوە بۆ قەدەغەکردنی ڕاوی ماسی، کە هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا تا مانگی شەش ڕاوەماسی بە هەموو شێویەک قەدەغەیە، بۆیە خواست لەسەر ماسی حەوزەکان زۆر بووە."
گوتیشی: ساغکردنەوەی ماسیی نەخۆش مردوو کە زۆرجار بەهۆی کەمی ئۆکسجینەوەیە یان یاخود بەهۆی نەخۆشی دیکەوەیە هەیە. ئەوەش زیانی نییە تا چەند ڕۆژێک، دواتر هاووڵاتیی دەتوانێت بەڕێگای دەست دان لە سکی یاخود گوێی ماسیییەکە بزانێت کۆنە یاخود نوێیە. بە نموونە ئەگەر سکی توند بوو، یان سەیری گوێیەکانی بکات ڕەنگی سوورێکی کاڵ بوو ئەوا ماسییەکە نوێێە، ئەگەر سکی شل بوو یان بناگوێیەکانی ڕەنگی سووری تۆخ بوو ئەوە ماسییەکە کۆنە.
هێمن سەید موراد ڕاشیگەیاند "نرخی کیلۆی ماسیی زیندوو نزیکەی نۆ هەزار دینارە، بەڵام ماسی مردوو نرخەکەی لەنێوان چوار هەزار بۆ شەش هەزار دینارە."