ئەمەریکا: بەردەوامبوونی شەڕ لە ئۆکرانیا، پەلکێشی جەنگی ئەتۆمیمان دەکات

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بەردەوامبوونی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا دەبێتە هۆی مردنی ملیۆنان کەس، هاوکات پەلکێشی جەنگی ئەتۆمیمان دەکات. گوتیشی، ئەمەریکا بۆ هەموو چارەیەکی دیبلۆماتی ئامادەیە.

سێشەممە 29ـی نیسانی 2025، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند، ئەگەر جەنگی ئۆکرانیا چەند ساڵی دیکە بەردەوام بێت، ئەوە ژیانی ملیۆنان کەس دەکەوێتە مەترسیەوە و ناکۆکییەکان بەرەو جەنگی ئەتۆمی دەچێت.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، ڕەخنەی لەو کەسانە گرت کە دەڵێن 'بەردەوامبوونی ئەو جەنگە دەبێتە هۆی براوەیی ئۆکرانیا و سەقامگیریی سنوورەکان' و گوتی: ئەو پێشبینییانە بە تەواوی ناڕاستن.

جەی دی ڤانس، جەختیشی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، ئیدارەکەی ڕاسپاردووە لە ڕێگەی دیبلۆماتییەوە بە چڕی کار لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵەی ئۆکرانیا و ڕووسیا بکەن. گوتیشی: ئێستا بەراوەرد بە دوو مانگ و دوو هەفتە ڕابردوو لە بارەی کۆتاییهێنان بەو جەنگە گەشبینترە.    

هەروەها باسی لەوەش کرد، هەر یەکە لە ڕووسیا و ئۆکرانیا پێشنیازە دیبلۆماتییەکەیان پێشکەش کردووە، تەنیا پێوسیتە کەسێک ئەو دوو لایەنە لەیەکتر نزیک بکاتەوە.

ڕۆژی دووشەممە 28ـی نیسانی 2025, تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دوێنێ یەکشەممە بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەشی دا، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بۆ وەزیری دەرەوەی ڕووسیای دووپاتی کردووتەوە، ئەمەریکا پابەندە بە نێوەندگیریی بۆ کۆتاییهێنان بەو جه‌نگه‌.

هەروەها گوتیشی: باسیان لە هەنگاوی داهاتووی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە بارەی گفتوگۆی ئاشتیانەی نێوانیان کردووە. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختیشی کردووەتەوە، پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بەو جەنگە بهێنن.