میری ئێزدییان: دیاریکردنی مێژوو و کەلتووری ئێزدییەکان بە شێوەیەکی زانستی زۆر گرنگە
میری ئێزدییان جەخت لە گرنگیی دیاریکردنی مێژوو و کەلتووری ئێزدییەکان بە شێوەیەکی زانستی دەکاتەوە و داواش دەکات، لە کابینەی داهاتووی حکوومەتدا، ئێزدییەکان ڕۆڵیان هەبێت.
سێشەممە، 29-04-2025، میر حازم بەگ، میری کوردانی ئێزدی، لە گوتارێکدا لە یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی ئێزدییەکان، لە دهۆک، ڕایگەیاند "بەستنی کۆنگرەی زانستی و ئەکادیمی لەم شێوەیە، بۆ ناساندن و دیاریکردنی ڕاستی مێژوو و جوگرافیا و کەلتوری ئێزدییەکان لە کوردستان، عێراق و جیهان، زۆر گرنگە."
میری کوردانی ئێزدی، لە گوتارەکەیدا داواشی کرد، لە کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ئێزدییەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبێت و پۆستی گرنگیان پێ بدرێت.
بە گوتەی میر حازم بەگ "لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەردەوام پشتگیرییان لە بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش کردووە." گوتیشی: ئەم بنکەیە لە ساڵانی ڕابردوودا توانیویەتی خزمەتێکی زۆر باش پێشکەشی ئێزدییەکان بکات."
ئەمڕۆ سێشەممە، 29-04-2025، بە چاودێریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی ئێزدی (ئایین، کەلتوور، مێژوو، جوگرافیا) دەستی پێ کرد و تا سبەینێ چوارشەممە، 30-04-2025، بەردەوام دەبێت.
کۆنفرانسەکە لەلایەن (بنکەی لالشی رۆشنبیریی و کۆمەڵایەتی) و (زانکۆی دهۆک) لە سەنتەری کۆنفراسانی زانکۆی دهۆک بەڕێوە دەچێت.
ئەمە یەکەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتییە لەبارەی ئێزدییەکان، دەیان توێژینەوە ئامادە کراون و توێژەران لە 11 وڵاتەوە ئامادە دەبن و بەشداریی تێدا دەکەن.