دوای 15 ساڵ؛ کێشەی ناوچە کوردستانییەکان بەرەو کوێ؟
ھیچ دەسپێشخەریەک لە لایەنی عێراق بەدی نەکراوە
K24 - هەولێر
تائێستاش ھەوڵەکان بۆ تەعریبکردنی خاکی کوردستان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەردەوامن، 15 ساڵە کورد چاوەڕێ دەکات کێشەی ئەو ناوچانە بەپێی ماددەی 140ـی دەستوور چارەسەر بکرێت، لە بەرامبەردا ھیچ دەسپێشخەریەک لە لایەنی عێراق بەدی نەکراوە.
جوان رۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمان دەڵێ "بەپێی ماددەی 140ـی دەستوور؛ دەبێت عەرەبی هاوردە کە بەزۆر هاتبوون، ئەو ناوچانە جێبهێڵن و بگەڕێنەوە پارێزگاکانی خۆیان. زۆربەیان پێشتر قەرەبووکرابوونەوە بەڵام دەیانەوێت دووبارە ئەو ناوچانە داگیربکەن کە کورد چۆڵیان کردووە، هەروەها دەبێت کوردە ئاوارەکانیش بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، پاشان سەرژمێری بکرێت و دوای ئەوانەش راپرسی، ئەو راپرسییە بووەتە کێشە و بەغدا نایەوێت بگاتە ئەو قۆناغەی راپرسی بکرێت و هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرێت".
کورد دەیەوێت بە ئاشتی کێشەی تەعریب و کێشەکانی دیکە لەو ناوچانە چارەسەر بکات، ھیچ کاتێک لەلایەن کوردەوە پەنا بۆ توندووتیژی نەبردراوە، بەپێچەوانەوە لە پێش و دوای 2005، پرۆسەی بەعەرەبکردنی ئەو ناوچانە بەردەوام بووە و ھیچ رێککەوتنێک لەبەرچاو نەگیراوە.
دوایین جار بە چاوساغی و پاڵپشتی دەزگا ئەمنیەکانی عێراق، ژمارەیەک ھاووڵاتی عەرەب ھەوڵیاندا خاکی کوردانی چەند گوندێکی داقووق داگیر بکەن، بەڵام بە ھاتنە سەر ھێڵی نوێنەرانی کورد لە بەغدا، ھەوڵەکە شکتی پێھێندرا، وەک شارەزایانیش دەڵێن ئەگەر دەستوور جێبەجێ نەکرێت، مەترسی تەعریب لەسەر ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەردەوام دەبێت.
هـ.ر.