ڕووسیا: ئۆکرانیا وەڵامی پێشنیازەکەمان بۆ دانوستانی بێمەرج نەداوەتەوە

گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) ڕایگەیاند، تاوەکوو ئێستا کێیڤ وەڵامی سەرۆکی ڕووسیای بۆ دانوستانی بێمەرج لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵەی نێوانیان، نەداوەتەوە.

سێشەممە 29ـی نیسانی 2025, دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) ڕایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا چەندان جار دووپاتی کردووەتەوە، مۆسکۆ ئامادەیە بەبێ مەرج دەست بە دانوستانەکان لگەڵ ئۆکرانیادا بکات، بەڵام تاوەکوو ئیستا ئەو وڵاتە، لەو بارەوە هیچ وەڵامێکیان نەداوەتەوە.

هاوکات لە بارەی ڕاگرتنی جەنگ بۆ 72 کاتژمێر، گوتەبێژی کرێملن گوتی: زۆر قورسە لەوە تێبگەین، ئۆکرانیا پابەندی ئاگربەستەکە دەبێت یان نا؟

دووشەممە 28ـی نیسانی 2025 ئەندری سیبیه، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە بارەی ئاگربەستە 72 کاتژمێرەکەی ڕووسیا نووسیویەتی "ئەگەر ڕووسیا بەڕاستی ئاشتی دەوێت، دەبێت دەستبەجێ جەنگ بوەستێنێت، ئاگربەستەکە دەبێت ڕاستةقينه‌ بێت، نەوەک تەنیا بۆ نمایش بێت." 

دووپاتیشی کرده‌وه‌ ئۆکرانیا دەیەوێت جەنگەکە کۆتایی پێ بهێنرێت نەوەک بۆ ماوەیەکی کاتی بوەستێت. ئاماژەشی دا ئەگەر جەنگەکە کۆتایی نەیه‌ت، لانی کەم 30 ڕۆژ بووەستێنرێت.

ڕۆژی دووشەممە، 28ـی نیسانی 2025 کۆشکی کرێملن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو، سەرۆکی ڕووسیا بڕیاری دا بە بۆنەی ئاهەنگی ڕۆژی سەرکەوتن لە جەنگی دووەمی جیهانی، بۆ 72 کاتژمێر  لە ڕۆژی 8 تا 11ـی ئایاری داهاتوو، هەموو چالاکییە سەربازییەکان بەرانبەر ئۆکرانیا ڕابگرێت. 

هەروەها ڕۆژی شه‌ممه‌، 26ـی نیسانی 2025، دیمیتری پیسكۆڤ، گوته‌بێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیا (كرێملن) ڕایگه‌یاند، ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی ڕووسیا له‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماده‌یی مۆسكۆی بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ كیێڤ به‌بێ مه‌رجی پێشوه‌خته‌ ده‌ربڕیوه‌.