مەریوان بەگۆک: نزیکەی 200 هەزار کرێکار دەستەبەریی کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە

بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەریی کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کوردستان نزیکەی 200 هەزار کرێکار دەستەبەریی کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە.

سێشەممە، 29ـی نیسانی 2025، مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەریی کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، ڕایگەیاند "ئامارى دامەزراندنى کرێکارى خۆماڵى لە پرۆژەکان لە شوێن کرێکارانى بیانى، بەپێى داواکارى و خواستى پڕۆژە جیاجیاکان تا کۆتایی وەرزی یەکەمى ساڵی 2025، نزیکەى 1400 کرێکاری خۆماڵی لە جیاتی کرێکاری بیانی دامەزراون."

بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەریی کۆمەڵایەتیی سەبارەت بە ڕێژەى جێبەجێ کردنی بڕیاری 172 گوتی: بە پێی ئامار و ڕاپۆرتەکانى بەڕێوەبەرایەتیەکانی کار لە پارێزگاکان ڕێژەى جێبەجێکردن لە پارێزگای هەولێر %90 ، لە سلێمانی%95  لە دهۆک، %91 یە.

 دەشڵێت: تا کۆتایی وەرزی یەکەمى ساڵی 2025؛ بەگشتیی نزیکەى 193.768 کرێکار دەستەبەر کراون لەوانە، 165.464 کرێکاری خۆماڵین و 28.300 کرێکاری بیانین.

هەروەها  تا کۆتایی وەرزی یەکەمى ساڵی 2025، لە هەرێمی کوردستان 55.456 پرۆژە دەستەبەر کراون، لە هەولێر، 25.179 پرۆژە و لە سلێمانی 18.855پرۆژە؛ دەبێت ئەوەش بگوترێ کە پرۆژەکانی گەرمیان و هەڵەبجە و قەڵادزێ لەگەڵ پرۆژەکانی سلێمانی تۆمارکراون. لە دهوک 9.670 پرۆژە و لە سۆرانیش 570 پرۆژە دەستەبەر کراون.

 لە مانگی 1ـی 2025وە تا ئێستا 958 کرێکار خانەنشین کراون و پارەی سندوقی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی تا کۆتایی وەرزی یەکەمى ساڵی 2025، زیاتر لە یەک ترلیۆن و 340 ملیار دینارە.

مەریوان بەگۆک گوتیشی: لە سەرەتای سالی 2024 تاوەکوو کۆتایی وەرزی یەکەمى ساڵی 2025 نزیکەى 230 سکاڵا وەرگیراوە و کێشەکانیان چارە کراوە.

 ئاماژەی بەوەش دا، کۆی گشتی کارخواز کە ناوى خۆی لە سیستەمی پۆرتاڵی کار، تۆمار کردووە لە مانگی تشرینی دووەمی 2024 تاوەکوو مانگی ئاداری 2025 نزیکەى 6.531 کارخواز ناوى خۆیان تۆمار کردووە.

 هەروەها نزیکەى 1000 کەس فۆرمی داواکردنی کاریان پڕ کردووتەوە، هەر لەم ماوەیە نزیکەى 100 کەس دامەزراوە.

بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ڕاشیگەیاند "هەر کاتێک خاوەنکار مافی کرێکارەکانی نەپارێزیت، ئەوا بە پێی یاسای کار تووشی سزا دەبێت و کرێکار دەتوانێت لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی کار و کاروڕاهێنان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، یاخود بە هێڵی هۆشیاری '5500، سکاڵا تۆمار بکات و  لەڕێگای لیژنەکانی پشکنین بەدواداچوون بۆ کێشەکانیان دەکرێت. 

مەریوان بەگۆک گوتیش: لەھەرێمی كوردستان ڕێژەى کرێکار و بێکاران، لە دەستەى ئاماری هەرێم دیاری دەکرێت.

سەبارەت بە ئەو كرێكارانە چەندیان لەناو ھەریەك لە كەرتەكانی، پیشەسازی، كشتوكاڵ، خزمەتگوزاریە جۆراو جۆرەكان كار دەكەن؟ گوتی: بەهۆی نەبوونى سیستەمی دەستەبەری، ئەو کرێکارانەى کە دەستەبەر کراون، کەرتەکانیان دیاری نەکراوە.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment