ئەمەریکا 12 کۆمپانیا و کەسایەتی ئێران و چینی خستە لیستی سزاکان

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، شەش کۆمپانیا و شەش کەسایەتی ئێرانی و چینی بە تۆمەتی دروستکردنی مووشەک خستە لیستی سزاکان.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕاگەیاندراوێكی بڵاو کردووەتەوە، تێیدا ئاماژەی داوە، پێنج کۆمپانیای چینی لەگەڵ کۆمپانیاییەک و شەش کەسایەتی ئێرانی بە تۆمەتی دابینکردنی چەند ماددەیەکی تایبەت بە دروستکردنی مووشەک لەلایەن چینەوە بۆ ئێران سزا داوە.

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لەوبارەیەوە ڕایگەیاندوە، بەرەوپێشچوونەکانی ئێران لە توانای مووشەکی و چەکی دیکەوە بووتە هەڕەشە بۆ سەر سەڵامەتی ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمان. گوتیشی: مەبەست لەم سزایانە بۆ ڕێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی ئەو تەکنەلۆجیانە، چونکە ئەم چەکانە لەلایەن ئێرانەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیری دەکات و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.

سکۆت بێسێنت ئاماژەشی داوە، ئەمەریکا هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ ئەوەی ڕێگری لە ئێران بکات دەستی بەو جۆر بەرنامە مووشەکییە پێشکەوتوانە نەکەوێت.

ئەمەش لەکاتێکداتە، شەممەی داهاتوو گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی تاران کۆدەبنەوە و هەریەک لە ئێران و ئەمەریکا تاوەکوو ئێستا بە ئەرێنی باس لە دانوستانەکانیان دەکەن.