عەباس عراقچی: گەڕی چوارەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا لە ڕۆما دەبێت
ئێران بەر لە کۆبوونەوەی ڕۆما، لەگەڵ بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کۆ دەبێتەوە
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، شەممەی داهاتوو لە ڕۆما لەگەڵ شاندی ئەمەریکا کۆدەبنەوە و ڕۆژی هەینیش لەگەڵ بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کۆدەبنەوە.
چوارشەممە 30ـی نیسانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەتی ئێران، بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و وڵاتەکەی لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی بە نێوەندگیری عوممان، ڕۆژی شەممە 3ـی ئایاری 2025 لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا بەڕێوەدەچێت.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاند، ڕۆژی هەینی، واتە ڕۆژێک بەر لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەمەریکا، لەبارەی زیندوو کردنەوەی ڕێککەوتنی 1+5 لەگەڵ نوێنەرانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کۆ دەبنەوە.
پێشتر، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەوبارەیەوە بڵاوی کردبووە، ئەگەر ئەمەریکا بەر لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، لەگەڵ ئێران ڕێک نەکەون، ئەوە فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا هەمان سزای پێشووتر کە لەسەر ئەو وڵاتە هەڵیانگرت بوون، جارێکی دیکە بە سەریدا دەسەپێننەوە.
ڕۆژی شەممە 26ـی نیسانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە تەلەفیزیۆنی فەرمیی ئێران (شبکە خبر)ـی گوتبوو: گەڕی سێیەمی دانوستانەکان لە چاو گەڕەکانی پێشوو جددیتر بوو، لەسەر وردەکارییە تەکنیکییەکان زیاتر ڕۆچوون.
وەزیری دەرەوەی ئێران ، ئاماژەیشی دابوو، لە ئەنجامی دانوستانەکان ڕازی بووین، بەڵام تا ئێستا ناكۆكی لهنێوان ههردوو لایهنی ئێرانی و ئهمهریكی ههیه.