سێ گەنج لە سلێمانییەوە هاتنە هەولێر بۆ بەخشینی پلازما

په‌یامێكی كوردستانییان هه‌یه‌

 K24 - هەولێر

دوای ئەوەی درەنگانی شەوی رابردوو وەزارەتی تەندروستی داوای کرد ئەوانەی لە پەتای کۆرۆنا چاکبوونەتەوە پلازما ببەخشن، سێ گەنج لە سلێمانییەوە بەدەم بانگەوازەکە هاتن و لە هەولێر پلازمایان بەخشی.

ئارام محەممەد، تەمەنی 32 ساڵە و دوای ئەوەی لە کۆرۆنا چاکبووەتەوە، بڕیاریداوە پلازمای خوێنی ببەخشێتە تووشبووانی دیکەی کۆرۆنا، بۆیە لەگەڵ دوو هاوڕێی ئەمڕۆ هاتوونەتە هەولێر.

لەکاتێکدا خوێنی دەبەخشی، ئارام قسەی بۆ کوردستان24 کرد و، گوتی "پێش هەموو شتێک دەڵێم، پەیامەکەی ئێمە سیاسی نییە، تەنیا کارێکی مرۆییە بۆ خەڵکی خۆمانی دەکەین".

ئەو سێ گەنجەی سلێمانی کە تەمەنیان لەنێوان 32 بۆ 38 ساڵە، دوو رۆژ پێش ئێستا پشکنینی کۆرۆنایان کردووە و پێیان راگەیەندراوە لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە و دژەتەنیان دروستکردووە، بەهۆی ئەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا (ئەوانەی بە سەختی پەتاکەیان گرتووە)، لە سلێمانی کەمبووەتەوە، هەرسێ گەنجەکە بڕیاریان داوە بێنە هەولێر.

ئارام داوای لەوانە هەیە کە لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە "جیاوازی مەکەن لەنێوان شارەکان و هەر شوێنێک پێویستی بوو، پلازمای پێ ببەخشن"، دەشڵێ "کە دەهاتین پیاوێک دەپاڕایەوە پلازما ببەخشرێتە دایکی، بیهێنە پێش چاوی خۆت ئەوە دایکی خۆت بووایە".

پلانی پێشوەختە و ئامادەکاری بۆ رەوشی سەختتر

وشیار یاسین، بەڕێوەبەری بانکی خوێنی هەولێر دەڵێ "ئێستا بڕێکی باش پلازمامان هەیە و، بەخشەرانی پلازما بە ژمارەیەکی باش روویان تێکردووین، چونکە زۆر نەخۆشمان لە نەخۆشخانەکانی هەولێر هەن، کە بەشێکیان بە تووندی پەتاکەیان گرتووە و پلازمایان پێویستە".

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەولێر زۆر زیادی کردووە، بەجۆرێک لەو 357 تووشبووەی دوێنێ لە هەرێمی کوردستان تۆمارکران، 2018 کەسیان لە هەولێر بوون.

دوێنێ د. شاخەوان خەیلانی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتیی تایبەت بە کۆرۆنا لە هەولێر، بە گریانەوە قسەی بۆ کوردستان24 کرد و گوتی "هەرچەندە رەوشەکە خراپە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینە لووتکەی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا" بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ژمارەی تووشبووان لەبەرزبوونەوەدا بێت.

بەڕێوەبەری بانکی خوێنی هەولێر هەروەها گوتی "داوا دەکەین ئەوانەی لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، بێن یارمەتیی خوشک و براکانیان بدەن، تاوەکو ئێستا هەر نەخۆشێک پێویستیی بە پلازما بووبێت بۆمان دابینکردووە، بەڵام لەبەرئەوەی شەپۆلەکە تووندە، دەمانەوێت پێشوەختە ئامادەباشی بکەین و پلازمامان هەبێت بۆ ئەوەی کە پێویستیمان بە پلازمای زیاتربوو، بەردەستبێت".

هـ.ر.