پۆلیسی ئیستانبوڵ ڕێگریی لە گردبوونەوەی کرێکاران دەکات
لە 1ـی ئایار، ڕۆژی جیهانی کرێکاران بەمەبەستی ڕێگریی لە گردبوونەوە و خۆپیشاندانی کرێکاران، زۆربەی ڕێگا سەرەکییەکانی ئیستانبوڵ داخراون. میدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاندووە، سەرجەم ئەو ڕێگایانەی دەچنە ناوچەی تەقسیم، داخراون. هاوکات ڕاگەیەندراوە لە ناوچەکانی تەقسیم، بێشیکتاش و شیشلی، ڕێوشوێنە ئەمنییەکان بۆ بەرزترین ئاست بەرزکراونەتەوە.
ساڵانە لە 1ی ئایارادا، کرێکاران لە زۆرینەی گۆڕەپانەکانی تورکیا کۆ دەبنەوە و ماف و داواکارییەکانیان دەخەنە ڕوو.
موراد ئاکنجی، پەیامنێری کوردستان24 لە ئیستانبوڵ ڕایگەیاند "دەیان هەزار کرێکار لە ئیستانبوڵ بە پشتیوانی پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژی کرێکاراندا ڕژاونەتە سەر شەقامەکانی ئیستانبوڵ. موراد قەڵماز هاوسەرۆکی دەم پارتی لەنێو کرێکارە خۆپێشاندەرەکاندا لە ئیستانبوڵ بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند: کرێکاران ئەمڕۆ بۆ داواکردنی مافەکانیان هاتوونەتە سەر شەقام، دەم پارتی و گەلی کورد ڕۆژی جیهانیی کرێکاران پیرۆز دەکەن." ئاماژەی بە ڕێککەوتنی ئاشتیی تورکیا کرد و گوتی: ئەو ڕێککەوتنە بۆ گەلی تورکیا بە گشتی گرنگە، ئەمڕۆ ئێمە بۆ ئاشتی و دیموکراسی و باشترکردنی ئابووری و مافی ئافرەتان، دەنگی خۆمان بەرز دەکەینەوە.
موراد قەڵماز ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر پرسی کورد لە تورکیا چارە بکرێت، کێشەی و ئالەنگاری بواری ئابووریش لە وڵاتە چارە دەبێت. گوتی: بە چارەکردنی پرسی کورد، تەواوی کێشە و پرس و ئالەنگارییەکانی دیکەی تورکیا چارە دەبن، داوای کرد هەموو لایەن و هێزەکانی تورکیا بەدەم بانگەوازە ئاشتیخوازییەکەی ئۆجەلانەوە بێن بۆ ئەوەی تورکیا ببێتە وڵاتێکی دیموکراسی؛ ئەو ڕێککەوتنە بۆ تورکیا دەرفەتێکی گەورەیە.