بانکی ناوەندیی عێراق دۆلار بە نرخی فەرمی بە حاجییان دەدات

بانکی ناوەندیی عێراق، بڕیاری دا دۆلار بە نرخی فەرمی بە حاجییانی وەرزی حەجی ئەمساڵ بدات و هەر حاجییەک دەتوانێت بڕی 2 هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرێت.

پێنجشەممە 1ـی ئایاری 2025، بانکی ناوەندیی عێراق، بە نووسراوێک، هەر یەکە لە بانکەکانی ڕەشید، ڕافیدەین، عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) و ناسیکی ئیسلامی، هەروەها کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو، ئاگادار کردووەتەوە کە دەتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی بە حاجییان بفرۆشن.

بانکی ناوەنیی عێراق ڕوونیکردەوە، حاجییان دەتوانن لە یەکشەممەی داهاتوو 4ـی ئایار داواکاری پێشکەش بە بانکەکان و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی، واتە هەر دۆلارێکیان بە بەهای هەزار و 320 دیناری عێراقی پێ دەفرۆشرێت.

بانکەکە جەختی لەوەش کردەوە، هەر حاجییەک ئارەزووی وەرگرتنی دۆلاری بە نرخی فەرمی هەبێت، دەبێت بەڵگەنامەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە پێشکەشی یەکێک لە بانکەکان یان نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو بکات و نۆرە دابنێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment