ئیسرائیل: دوو مووشەکی حووسییەکانمان خستە خوارەوە

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی وڵاتەکەی دوو مووشەک کە لە یەمەن هەڵدرابوون، لە دوو شوێنێ جیاواز بەرپەرچ داوەتەوە، هاوکات حووسییەکانیش هێرشەکەیان لە ئەستۆ گرت. 

هەینی 2ـی ئایاری 2025، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، دەڵێت: سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکە، لە ماوەی 12 کاتژمێردا دوو مووشەکی حووسییەکانی یەمەنیان خستووەتە خوارەوە.

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕوونیشی کردووتەوە، مووشەکی یەکەمی بەر لەوە بچێتە نێو وڵاتی ئیسرائیل بەرپەرچ دراوەتەوە، هاوکات دوای بیستنی دەنگی تەقینەوەیەک لە قودس (ئۆرشەلیم)، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند مووشەکی دووەمممان تەقاندەوە.

هاوکات حووسیەکانی یەمەن بەرپرسیارەتی خۆیان لە هێرشەکان بۆ سەر ئیسرائیل لە ئەستۆ گرت.

لە 7ـی تشرینی دووەمی 2023ـەوە دوای شەڕەکەی حەماس و ئیسرائیل چەکدارە حووسییەکانی یەمەن بەردەوام هێرشی مووشەکی دەکەنە سەر ئیسرائیل.

پێشتر، یەحیا سەریع، گوتەبێژی حوسییەکانی یەمەن ڕایگەیاندبوو، تاوەکو دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و گەمارۆکانی بەردەوام بن، ئەوا ئۆپەراسیۆنەکانی ئەوانیش بەرانبەر ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت.

هەروەها حووسییەکان بە بەردەوام کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوەی عەدەن دەکەنە ئامانج.

لەو کاتەوەی دۆناڵد ترەمپ، بووەتە سەرۆکی ئەمەریکا، هێرشەکانی بۆ سەر ئەو گرووپە چڕ کردووەتەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆشکی سپی، لە 15 ئادار تاوەکوو ئێستا زیاتر لە هەزار پێگە و کەسایەتی حووسییەکان لە یەمەن کراونەتە ئامانج.