هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا: دۆخی دارایی عێراق و مووچەی فەرمانبەران لە مەترسیدایە
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، دۆخی دارایی ئێستای عێراقی بە "مەترسیدار" وەسف کرد و هۆشداری دا لەوەی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی مەترسی لەسەرە.
سائیر مەخیف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بە میدیایەکی ناوخۆی عێراقی گوت: "قەیرانی دارایی هەیە و ڕاستەقینەیە، لە ئێستا بەرۆکی حکوومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی گرتووە"، ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم قەیرانە مەترسییەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر مووچەی فەرمانبەران، هەروەها دابینکردنی بودجەی پیویست بۆ هەندێک پڕۆژەی گرنگ کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەیە."
سائیر مەخیف ڕوونیشی کردەوە، "ئەم قەیرانە وایکردووە حکوومەت بڕێک پارەی دانراوی باج بکێشێتەوە، ئەم ڕێکارانەی حکوومەت ئاساییە، کە ئامانجی پێدانی مووچەیە، چونکە دواخستنی مووچە و دابینەکردنی پارە بۆ فەرمانبەران، کارەساتی گەورە و مەترسیداری لێدەکەوێتەوە شەقام دەهێنێتە دەنگ، هەر بۆیە حکومەت پەنای بۆ ئەم بژاردەیە بردووە."
مەخیف جەختیشی کردەوە "پرۆسەی هێنانەوەی پارە لە بانک، حکوومییە و لە چوارچێوەی یاساییدا دەکرێت، ئێمە لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە دڵنیاییەوە بەدواداچوون و چاودێری ئەم کارە دەکەین لە ڕێگەی ئۆرگانە تایبەتمەندەکانی کارگێڕی و چاودێرییەوە."
پێشتر سەرچاوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، حکوومەت بیر لە هەڵوەشاندنەوەی بودجەی ساڵی 2025 دەکاتەوە، ئەمەش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوەیە، چونکە کورتهێنانی دارایی زیادی کردووە.
سەرچاوەکە باسی لەوەش کردبوو "ئەنجوومەنی وەزیران لە دانیشتنەکانی پێشوویدا بە فەرمی باسی خشتەی بودجەی نەکردووە، هەروەها تەیف سامی، ئەنجومەنی وەزیرانی ئاگادار کردۆتەوە کە کورتهێنانێکی گەورە لە خشتەکانی بودجەدا هەیە."
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، ئەو پارەیەی حکوومەت دەیکێشێتەوە پارەی دانراوی هاووڵاتیان نییە، بەڵکو حیسابی 'سیادیی' وەزارەتی داراییە. ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا پروپاگەندە بڵاو دەکەنەوە.
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی بانکی ناوەندی، "یەدەگی بەکارنەهێنراوی بانکی ڕافیدەین گەیشتووەتە زیاتر لە چوار ترلیۆن و 277 ملیار دینار، بەڵام یەدەگی بەکارهێنراوی چووار ترلیۆن و 263 ملیار دینار بووە، و بەمجۆرە کۆی یەدەگی بانکی ڕافیدەین لە بانکی ناوەندی 8 تریلیۆن دینار تێدەپەڕێنێت، بۆیە بە هیچ شێوەیەک دەستی لێ نەدراوە."