پۆلیسی هەولێر ئەو کەسەی دەستگیر کرد کە ئەمڕۆ خوشکەکەی کوشت

پۆلیسی هەولێر ئاشکرای دەکات، ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە کە ئەمڕۆ لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، خوشکەکەی خۆی کوشت.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بڵاوی  کردەوە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ شەممە 3ـی ئایاری 2025،  لە ڕووداوێکی کوشتن لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر ئاگەدار کراینەوە، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دەستمان بە لێکۆڵینەوە کرد.

بەپێی راگەیاندراوی پۆلیسی هەولێر، لە لێکۆڵینەوەکاندا بۆیان دەرکەوتووە کچێک بەناوی (ن. ٲ. ع) لەلایەن براکەیەوە بەناوی (ع. ٲ. ع) لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کوژراوە.

ئاشکرای دەکات، دوای تێەپڕینی کەمتر لە دوو کاتژمێر بەسەر تاوانی کوشتنی کچەکە،  تۆمەتبار لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس دەستگیر کرا و بەپێی ماددە (406) لە یاسای سزادان پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کرایەوە.

نیان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای دەکات، پۆلیسی هەولێر پێیان ڕاگەیاندووە، گەنجەکە  کە تەمەنی 18 ساڵە، بە چەکی کلاشنکۆف خوشکەکەی خۆی کوشتووە کە تەمەنی 27 ساڵە، کاتژمێر 10ـی بەیانی تاوانەکەی ئەنجامداوە، دوای کەمتر لە دوو کاتژمێر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراوە.

نیان بارزان ڕایگەیاند، تۆمەتبار بەر لە دوو ساڵ لەڕێگەی فەیسبووکەوە چەکێکی کڕیووە، ئەمڕۆ کەیسی تاوانەکەی دەچێتە دادگا.