نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئیسرائیل كرد دەستبەجێ هێرشەکانی بۆ سەر سووریا ڕابگرێت

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا سه‌ركۆنه‌ی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا دەکات و ئەو هێرشانەش بە په‌ره‌سه‌ندنی زیاتری ئاڵۆزییەکان ناو دەبات.

شەممە 3ـی ئایاری 2025، گییر پیدرسن، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی هێرشەکانی ئەم دوایانەی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا نووسیویەتی: بە توندی ئیدانەی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل و هەوڵەکانی بۆ زیاتركردنی ئاڵۆزییەکان لە سووریا به‌تایبه‌تی هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر دیمه‌شق و ناوچه‌كانی دەکەم.

هەروەها نوێنەری نەتوەیەکگرتووەکان لە سووریا داوای لە ئیسرائیل كرد دەستبەجێ ئەو هێرشانە ڕابگرێت.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مڕۆڤیش لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل لە درەنگانی شەوی هەینی نزیکەی 20 بنکەی سەربازی لە سووریا بۆردومان کرد.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی سانا بڵاوی کردووه‌تەوە، سوپای ئیسرائیل ناوه‌ندیی پارێزگای دیمەشق، باشوور و ڕۆژئاوای سووریای بۆردومان کرد.

لای خۆشییەوە، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی داوە، هێزەکانیان چەند شوێنێکی سەربازی و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و ژێرخانی مووشەکیان لە سووریا بۆردومان کرد.

هەینی 2ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامەی ئەلوەتەنی سووری بڵاوی کردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی سەر بە ڕژێمی ئەسەدیان لە دەوروبەری شاری حەما بۆردومان کرد.

بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەکە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر سووریا دەست پێکردووەتەوە و، ناوچەی شەعرەیان لە دەوروبەری شاری لازقییە کردووەتە ئامانج.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 2ـی ئایاری 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی هێرشی کردووەتە سەر ئامانجێک لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق، ئەوەش لەپێناو پاراستنی کەمینەی درووزەکان لە سووریا.