ڕووسیا داوای لە ئۆکرانیا کرد بە فەرمی وەڵامی ئاگربەست بداتەوە
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) ڕایگەیاند، وەڵامی ئۆکرانیا بۆ ئاگربەستە سێ ڕۆژییەکەی ڕووسیا ناڕوون و چەواشەکارانەیە؛ هاوکات داواش دەکات بە فەرمی هەڵوێستی خۆی لەم بارەوە ڕابگەیەیەنێت.
شەممە 3ـی ئایاری 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) داوای لە ئۆکرانیا کرد بە فەرمی و بە ڕوونی وەڵامی ئاگربەستە 72 کاتژمێرەکەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا بداتەوە.
هەروەها ڕەخنەش لە وەڵامەکەی ئۆکرانیا دەگرێت و ڕایگەیاندووە، وەڵامەکەی کێیڤ ناڕوون و چەواشەکارانەیە.
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا ڕوونیشی کردووەتەوە، بەبۆنەی 80 ساڵ تێپەرین بەسەر سەرکەوتنی هاوپەیمانان لە جەنگیی دووەمی جیهانی بۆ ماوەی 72 کاتژمێر و لە 8ـی ئایار تاوەکوو 10ـی ئایار ئاگربەست ڕادەگەینن، هاوکات گوتیشی: سەرۆکی ڕووسیا لە مۆسکۆ لە گۆڕەپانی سوور پێشوازی لە چەندین سەرکردەی جیهانی لەوانە، شی جینپینگ، سەرۆکی چین دەکات.
دیمیتری پیسکۆڤ ئاماژەشی دا، ئەو ئاگربەستە بۆ تاقیکردنەوەی هەڵوێستی ئۆکرانیایە لە بەرانبەر پرۆسەی ئاشتی و ئاگربەستی هەمیشەیی نێوانیان.
هاوکات ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، ئەو ئاگربەستە تەنیا شانۆیەکی سیاسییە، ئۆکرانیا یاری لەو شانۆییە ناکات بۆ ئەوەی کەشێکی خۆش دروست بکات و ڤلادیمێر پوتینیش چێژی لێ وەربگرێت.
هەروەها سەرۆکی ئۆکرانیا پێشتر ئاماژەی دابوو، وڵاتەکەی تەنیا بە ئاگربەستی 30 ڕۆژە ڕازی دەبێت، هاوکات هیچ گەرەنتییەک نادات کە جەنگ لەو سێ ڕۆژە ڕابگیرێت.
ماریا زاخارۆڤا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاش لێدوانەکانی سەرۆکی ئۆکرانیا بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ ناوبرد و گوتی: ئەو لێدوانانە هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی سەربازە خانەنشینکراوەکانی مۆسکۆ لە ئەهنگەکەدا، بە دڵنیایەوە ئەوە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆەی.