لەم خولەی پەرلەمانی عێراق تەنیا 10 پرۆژەیاسا پێشکەش کراون
لەم خولەی پەرلەمانی عێراق بە تێکڕا 200 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکان نەبوون و تەنیا 10 پڕۆژەیاسا پێشکەش کراون.
مەزهەر ساعیدی، سەرۆکی ڕوانگەی کاری پەرلەمانی ڕایگەیاند، لەم خولەی پەرلەمانی عێراق بە تێکڕا 200 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکانی پەرلەمان نەبوون، هەروەها لەم خولەدا تەنها 10 پرۆژەیاسا لەلایەن پەرلەمانەوە پێشکەش کراون.
ساعیدی باسی لەوەش کردووە، لە کۆی 32 دانیشتنی ئەم وەرزەی پەرلەمان، تەنیا 10 دانیشتن کراون، هەروەها سەرۆکایەتیی پەرلەمان ناوی ئامادەبووانی دانیشتنەکان و ئامادەنەبووانی بڵاو نەکردووەتەوە، ئەمەش پێشێلکاری یاساییە.
پێشتر سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو "لە سێ ساڵ و نیوی ڕابردوودا، پەرلەمانی عێراق نزیکەی 100 ئەندامی بندیواری هەبووە. هەرچەندە کۆی گشتیی ژمارەی پەرلەمانتاران 329 کەسە، بەڵام تەنها لە چەند حاڵەتێکی دەگمەندا ڕێژەیی یاسایی ئامادەبووان گەیشتووەتە 200 کەس. زۆرینەی جار تەنها 170 بۆ 180 پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکان دەبن. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقیش پێشتر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەم چەندەی پشتڕاست کردووەتەوە."
شێروان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو "ئەو 100 پەرلەمانتارە ناوی بندیواریان دەکەوێتە سەر، چونکە کاتێک لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر پرۆژەیاسای زۆر گرنگ دەکرێت یان دەنگیان لەسەر دەدرێت، ئەوان لە ماڵ پاڵ کەوتوون و تەنانەت لە ڕێگەی تەلەڤزیۆنیشیەوە سەیری کۆبوونەوەکان ناکەن. ئەرکی سەرەکیی خۆیان کە یاسادانان و چاودێریی کاروبارەکانی حکوومەتە، جێبەجێ ناکەن و نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەوی خەڵک ناکەن."