سووریا: بڕیارە لەگەڵ تورکیا بۆ هاوردەکردنی کارەبا ڕێکبکەوین

وەزیری وزەی سووریا ڕایگەیاند، بەم نزیکانە وڵاتەکەی لەسەر هاوردەکردنی کارەبا و دروستکردنی ڕیڕەوێکی گازی سروشتی سەر سنوورەکانیان لەگەڵ تورکیا ڕێک دەکەون.

یەکشەممە 4ـی ئایاری 2025، محەممەد بەشیر، وەزیری وزەی سووریا بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا "سانا"ـی ڕاگەیاندووە، بڕیارە وڵاتەکەی ڕێککەوتنێک بۆ هاوردەکردنی کارەبا لە تورکیاوە لە ڕێگەی هێڵی گواستنەوەی 400 کیلۆڤۆڵتەوە ئیمزا بکات.

وەزیری وزەی سووریا ئاماژەشی داوە، ئەو دوو وڵاتە کار لەسەر دروستکردنی ڕێڕەوێکی گازی سروشتی لە نێوان پارێزگای کللس لەسەر سنووری تورکیا بۆ حەلەب دروست دەکەن. بەمەش ڕێڕەوەکە بە نێو ناوچەی عەفریندا دەڕوات.

هەروەها ڕوونیشی کردەوە، ڕۆژانە شەش ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی لە ڕێڕەکەوە بەرەو وێستگەیەکی کارەبا لە سووریا دەڕوات.

ڕۆژی سێشەممە 4ـی شووباتی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ڕایگەیاندبوو: خەڵکی سووریا خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێزن، ئێمە لە قۆناغی نوێدا پاڵپشتی و هاوکارییان دەکەین.

سەرۆک کۆماری تورکیا، ئاماژەی بەوە دابوو، ئەم سەردانە مێژوویەی ئەمڕۆی شەرع بۆ وڵاتەکەیان دەبێتە هۆی هەماهەنگییەکی نوێ و برایەتییەکی نوێ لەنێوان هەردوولادا.