ئێران.. بێ ئاوی و وشکەساڵی ڕووی تێکردووە

بێ ئاوی و وشکەساڵی لە ئێران زیاتر بووە و چەندین بەنداوی گەورە ڕووبەڕووی کەم ئاوی بوونەتەوە.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی وزەی ئێران قەیرانی بێ ئاوی و وشکەساڵی لە ئێران قووڵتر بووەتەوە و حەوت بەنداوی گەورەی ئێران کەمتر لە 10٪ ئاویان تێدایە. بە گوێرەی ئەم ئامارانە بەنداوی لار لە نزیک تاران کە یەکێک لە سەرچاوەکانی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی پارێزگای تاران تەنیا 6٪ ئاوی تێدا ماوە و بەم زووانە وشک دەبێت.

هەربەگوێرەی ئامارەکان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەڕێژەیی 37٪ ئاو لە بەنداوەکان کەمیکردووە.

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای تاران ڕایگەیاندووە: ئەمساڵ سەختترین وشکەساڵیی ئەم پارێزگایە، لە پەنجا ساڵی ڕابردوودایە و هۆشداریشی داوە هاوینێکی سەختیان لە پێشە، ڕەنگە ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک ئاو لەسەر هاووڵاتیان ببڕن و  داوای لە هاووڵاتیان کردووە ئاوی کەمتربەکار بێنن.