حووسییەکان: هێرشەکانمان بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبێت

حووسییەکانی یەمەن داوا لە وڵاتان دەکات هەموو گەشتە ئاسمانییەکانییان بۆ ئیسرائیل هەڵبوەشێننەوە، چونکە لە ئەمڕۆوە بە بەردەوام هێرش دەکەنە سەر فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتەوە و گەمارۆیی ئاسمانیی بەسەر ئەو وڵاتە دەسەپێنن.

یەکشەممە 4ـی ئایاری 2025، حووسییەکانی یەمەن لە بارەی هێرشەکەی ئەمڕۆ بەیانی بۆ سەر فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، لە ڕێگەی هێرشە بەردەوامەکانمان بۆ سەر فڕۆکەخانەکان ئیسرائیل، دەمانەوێت گەمارۆی ئاسمانیی بەسەر ئیسرائیل بسەپێنین.

هەروەها ئاماژەشی داوە، ئەو هێرشەی ئەمڕۆ بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بن گۆریۆن، بە مەبەستی سەپاندنی گەمارۆ بوو بۆ سەر ئیسرائیل

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە وڵاتان دەکات گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ ئیسرائیل ڕابگرن و هەموو گەشتەکانیش دوا بخەن.

باسی لەوەش کردووە، حووسییەکان هێرشە توندڕەوە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتە عەرەبەکانی وەکوو سووریا و لوبنان قبووڵ ناکات.

کەمێک بەر لە ئێستاش، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا چەند هێرشێکی ئاسمانیان کردە سەر چەند پێگەیەکی حووسییەکان لە یەمەن.

لەبارەی هێرشەکانی ئەمەریکاوە مێدیاکانی سەر بە حووسییەکان ڕایانگەیاندووە، ئەمەریکا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر بەندەری ڕەئس عیسا و دورگەی کەمەران لە ناوچەی ئەلسەلیف لە حودەیدە لە ڕۆژئاوای یەمەن.