عێراق بکوژی هاووڵاتیە ئەمەریکیەکە ڕادەستی ئێران ناکاتەوە
خالید شوانی: زیندانەکانی عێراق شوێنی 31 هەزار کەسە بەڵام 65 هەزار زیندانی تێدایە.
دووشەممە، 5ـی ئایاری 2025، وەزیری دادی عێراق ڕایگەیاند، 65 هەزار زیندانی لە عێراق هەیە، لەدوای پەسەندکردنی یاسای لێبوردنی گشتیی لە سێدارەدان ڕاگیراوە، گوتیشی: تاوەکوو ئێستا محەممەد ڕەزا نووری کە هاووڵاتیەکی ئێرانییە و بەتۆمەتی کوشتنی هاووڵاتییەکی ئەمەریکی تۆمەتبارە تاوەکوو ئیستا لە دەستبەسەریدایە.
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئااژانسی ئاسۆشیەتید پرێس، ڕایگەیاند، "زیندانەکانی عێراق بەدەست قەرەباڵغیەوە گرفتارە، کە دوو هێندەی توانای خۆی زیندانیی تێدایە، بەڵام ئەمە چارەدەبێت، چونکە یاسای لێبوردنی گشتی پەسەند کراوە و دەجێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئاماژەی بەوەش دا، زیندانەکانی عێراق توانای لەخۆگرتنی 31 هەزار کەسی هەیە بەڵام ئێستا 65 هەزار زیندانی تێدایە."
خالید شوانی باسبی لەوەش کرد، "قەرەباڵغی فشارێکی بەرچاوی خستووەتە سەر چاودێری تەندروستی زیندانەکان و ستانداردەکانی مافی مرۆڤ"، دەشڵێت، "پێشتر قەرەباڵغیەکە لە 300% بووە، دوای دوو ساڵ لە چاکسازیکردن ئێمە کەممانکردووەتەوە بۆ 200%، ئامانجیشمان ئەوەیە تا ساڵی داهاتوو بۆ 100% کەم بکەینەوە."
وەزیری دادی عێراق گوتیشی، "چوار زیندانی نوێ لە قۆناغی دروستکردندان، لەکاتێکدا سێ زیندانی دیکە لە ساڵانی ڕابردوودا داخراون، هەندێکی دیکە کراوەتەوە و شەش زیندانی دیکەش فراوانکراون". جەختیشی کردەوە "لەکاتی جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی لە زیندانەکانی وەزارەتی داد، دوو هەزار و 118 زیندانی ئازادکراون، لەکاتێکدا هەندێکی دیکە لە دەستبەسەری خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان ئازادکراون پێش ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ وەزارەتی داد."
ڕاشیگەیاند، "لیژنەیەکمان هەیە کە لێکۆڵینەوە لە ڕەوشی زیندانیان دەکات و دیاری دەکات کە کێ مافی ئازادکردنی هەیە، بەڵام هێشتا دیدگاکە یەکلایی نەبووەتەوە"، دەشڵێت، پێشبینی دەکەین ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییەکان ئازاد بکرێن."
لە ڕاپۆرتێکدا هاتووە، "زیندانەکانی عێراق سەدان کەسی بیانیان تێدایە، کە زۆرینەیان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆر یان بە تۆمەتی سەر بە ڕێکخراوی قاعیدە و داعش سزادراون، ئەوان لە وڵاتانی وەک قیرغیزستان، کازاخستان، ئازەربایجان، تورکیا، میسر، وڵاتانی باکووری ئەفریقا و چەند وڵاتێکی ئەوروپیەوە هاتوون، جگە لە ژمارەیەکی کەم لە هاووڵاتیانی ئەمەریکی."
بە گوتەی خالید شوانی، "گفتوگۆ لەگەڵ چەند حکوومەتێک بەردەوامە بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی خۆیان، جگە لەوانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە"، گوتیشی: "بەپێی ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ ئێران، تورکیا و بەریتانیا ئیمزا کراون، زیندانییەکان گەڕێنراونەتەوە بۆ وڵاتانی خۆیان، لەنێویاندا 127 زیندانی ئێرانی کە بەم دواییە بۆ تاران گواستراونەتەوە"، هەروەها محەممەد ڕەزا نووری، کە هاووڵاتییەکی ئێرانییە و لە ساڵی 2022دا بە تاوانی کوشتنی هاووڵاتییەکی ئەمەریکی بەناوی ستیڤن تروێل لە بەغدا سزا درابوو، تا ئێستاش لە دەستبەسەریدایە."
وەزیری دادی عێراق پشتڕاستی کردەوە کە "هەموو سزای لەسێدارەدانەکان دوای دەرچوونی یاسای لێبوردنی گشتی ڕاگیراون، هەروەها هەر پێشێلکارییەک بەرانبەر بە زیندانییەکانیش بکرێت ڕێکاری توند دەگرنە بەر، ئاماژەی بەوەش کرد، زۆرێک لە کارمەندانانیان ڕەوانەی لێکۆڵینەوە کردووە و لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، یان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە سەبارەت بە پێشێلکارییەکانیان.
خالید شوانی ڕوونیشیکردەوە "سزای لەسێدارەدان تەنیا بۆ ئەو تاوانبارانە جێبەجێ دەکرێت کە مەترسییەکی جددیان لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و سەلامەتی گشتی هەیە.
لە مانگی ئابی ساڵی 2023 دادگای عێراق سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر ئێرانییەک و چوار عێراقیدا سەپاند، بە تۆمەتی کوشتنی ستیڤن تروێلی ئەمەریکی.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش پێشوازی لە بڕیارەکەی دەسەڵاتی دادوەری عێراق کرد و جەختیشی کردەوە پێویستە هەموو ئەوانەی بەرپرسیارن لەم تاوانە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
ستیڤن تروێڵ لە 7ـی تشرینی دووەمی 2022 لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەی لەگەڵ خێزانەکەی لە نزیک بازاڕێکی شاری کەڕادە لە ناوەڕاستی بەغدا تیرۆرکرا .
بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، محەممەد ڕەزا نووری کە لەسەر ئەو تاوانە دەستگیرکراوە، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێرانە، سەرەڕای ڕێکەوتنێکی ئیمزاکراوی نێوان تاران و بەغدا بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانیان، بەڵام عێراق ڕازی نەبووە ڕادەستی ئێرانی بکاتەوە .