عراقچی: ناتانیاهۆ ڕێگه بۆ ترەمپ دادهنێت چۆن مامهڵه لەگەڵ ئێران بکات
وەزیری دەرەوەی ئێران لە بارەی سیاسەتی ئەمەریکا لە بهرانبەر وڵاتەکەی ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە ئاشکرا هەوڵ دەدات فەرمان بە سەرۆکی ئەمەریکا دەکات چۆن مامەڵە لەگەڵ ئێران بکات.
دووشەممە 5ـی ئایاری 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بەڕاستەوخۆ دەستوەران لە حکوومەتی واشنتن دەکات، بەمەش ئەمەریکا پەلکێشی نێو کارەساتێکی دیکەی ناوچەکە دەکات.
هەروەها هۆشداریشی دا، هەر هەڵەیەک بەرانبەر ئێران بکرێت، وەڵامیان دەبێت.
هەروەها عراقچی ئاماژەشی دا، ناتانیاهۆ بە ئاشکرا هەوڵ دەدات فەرمان بە دۆناڵد ترەمپ دەکات لە بەرانبەر ئێران چی بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، ڕێککەوتنێک جێی پەسەند بێت، دەبێت تواناکانی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم کپ بکرێن، هاوکات ڕێگری لەو وڵاتە بکرێت چیتر پەرە مووشەکەکانی نەدات.
ڕۆژی یەکشەممە، 4ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنیکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی NBCـی ئەمەریکی، لە بارەی دانوستانەکانی وڵاتەکە لەگەڵ ئێران ڕایگەیاندبوو، ئامانج لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندنەوەی پرۆگرامی ئەتۆمی تارانە.