ئەردۆغان و ترەمپ پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

سەرۆکی تورکیا و ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا باسیان لە پرسی ئۆکرانیا و سووریا و دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران و کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا کردووە.

دووشەممە 5ـی ئایاری 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوکە، هەردوو سەرۆک پەیوەندییه‌ دووقۆڵییه‌كان و پێشهاتەکانی ناوچەکە له‌وانه‌ش پرسی غەززە و سووریایان تاوتوێ کردووە.

ڕاگەیاندراوەکە باسی لەوەش کردووە، سەرۆکی تورکیا جەختی کردووه‌تەوە، وڵاتەکەی لە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەمەریکا بەردەوام دەبێت، بەتایبەت لە بەرەو پێشبردنی کەرتی بەرگری و کەرتەکانی دیکە.

هاوکات سەرۆکی تورکیا پێشوازی لە هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێانان بە جەنگیی ئۆکرانیا و ڕووسیا و دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران دەکات.

هەروەها جەختیشی کردووتەوە، قەیرانی مرۆیی لە غەززە گەیشتووتە ئاستێكی زۆر خراپ. ئاماژەشی داوە، دەبێت هاوکارییە مرۆییەکان دەستبەجێ دەست پێ بکەنەوە و ئەو کارەساتە مرۆییە ڕابگیرێت. دووپاتیشی کردووه‌تەوە، وڵاتەکەی بۆ دابینکردنی هەموو هاوکارییەک و پشتگیرییەک بۆ گەیشتین بە ئاگربەست ئامادەیە.

لە بارەی سووریا، ئەردۆغان بە ترەمپی ڕاگەیاندووە، تورکیا بە هەموو شێوەیەک پارێزگاری لە یەکگرتوویی و سەقامگیریی خاکی سووریا دەکات، هاوکات داواشی کردووە سزاکانی سەر ئەو وڵاتە سووک بکرێن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، سەرۆکی تورکیا بانگهێشتی سەرۆکی ئەمەریکای بۆ وڵاتەکەی کردووە.

دۆناڵد ترەمپ: بە پەرۆشم بۆ ئەوەی لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا لەگەڵ ئەردۆغان کار بکەم

دۆناڵد ترەمپ, سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ، لە بارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا نووسیویەتی: پەیوەندییەکی باش و بەرهەمدارم لەگەڵ ڕەجەب تەئیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کرد.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی داوە، سەرۆکی تورکیا لە سەر زۆر بابەت نیگەران بوو، لەوانەش جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا، پرسی سووریا و غەززە چەندین بابەتی دیکە.

هەروەها ڕاشیگەیاندووە، سەرۆکی تورکیا، دۆناڵد ترەمپی بۆ وڵاتەکەی بانگهێشت کردووە هەروەها لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوو، ئەردۆغان بانگهێشتی واشنتن دەکات.

دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەش کردووە، بە پەرۆشە بۆ ئەوەی لە بارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا لەگەڵ ئەردۆغان کار بکات.