زیاتر له‌ هه‌زار خانووی نافه‌رمی و ڕه‌مه‌كی له‌ ناوه‌ندیی به‌غدا هه‌یه‌

سەرۆکی تیمی خزمەتگوزاری و هەوڵە ئەندازیارییە حکوومییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، زیاتر له‌ هه‌زار خانووی نافه‌رمی و ڕه‌مه‌كی له‌ به‌غدا هه‌یه‌؛ ده‌شڵێت، له‌ زۆربه‌ی پارێزگاكانی دیكه‌دا ژماره‌ی ئه‌م خانووانه‌ ناگاته‌ 100 خانوو.

دووشه‌ممه‌، 5ـی ئایاری 2025، عەبدولرەزاق مالیکی، سەرۆکی تیمی خزمەتگوزاری و هەوڵە ئەندازیارییە حکوومییه‌كان به‌ مێدیاكانی گوت، هەزار و 100 یەکەی نیشتەجێبوونی نافەرمی و ڕه‌مه‌كی لە ناوه‌ندیی بەغدا هەیە.

عەبدولرەزاق مالیکی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، زۆربه‌ی خانووه‌ نافه‌رمی و ڕه‌مه‌كییه‌كان له‌ زۆربه‌ی پارێزگامانی عێراق له‌ 100 خانوو تێپه‌ڕ نابێت، به‌ڵام له‌ به‌غدا گه‌یشتووه‌ته‌ هه‌زار و 100 خانوو.

سەرۆکی تیمی خزمەتگوزاری و هەوڵە ئەندازیارییە حکوومییه‌كان گوتووشیه‌تی، پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ دامەزراندنی بەشی نوێی شارەوانی بۆ ڕێکخستنی کارەکان دوای تەواوکردنی مامەڵەی خاوەندارێتی زەوی بۆ هاووڵاتییان.

ئاماژەی بەوەش کردووه‌، چه‌ند لیژنه‌یه‌ك لە چوارچێوەی ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێک هێنراوە بۆ تەواوکردنی ڕێنماییە پەیوەندیدارەکان، دوای ئەوەی هاووڵاتیان مامەڵەکانیان پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی لە پارێزگاکان ده‌كه‌ن.