ترەمپ: هەوڵ دەدەین هاوکاریی خەڵکی غەززە بکەین و ڕزگاریان بكهین
سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، ههوڵ دەدەن بە دابینکردنی خۆراک و ڕزگارکردنیان لە ژێر دەستی حەماس، یارمەتی خەڵکی ئەو کەرتە بدەن.
دووشەممە، 5ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە نووسینگەی ئۆڤاڵ بە ڕۆژنامەنووسەکانی ڕاگەیاند، هەوڵ دەدەن هاوکاریی هاووڵاتییانی غەززە بکەن و هەندێک خواردنییان بۆ دابین بکەن.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەشی دا، خەڵکی غەززە خەریکە لە برسان دەمرن، بۆیە دەبێت یارمەتییان بدەین و خواردنییان بۆ دابین بکەین. هەروەها گوتیشی: حەماس پرۆسەکەی قورس کردووە، چونکە هەموو خواردنەکان دەبات.
سەرۆکی ئەمەریکا جەختیشی کردەوه، حەماس زۆر بە خراپی مامەڵە لەگەڵ خەڵکی غەززە دەکات، دەبێت ئەو خەڵکە لە ژێر دەستی ئەو گرووپە ڕزگار بکەین.
لە 2ـی ئاداری 2025، دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیڵ و حەماس، هەموو دەروازەکانی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە بە ڕووی بارهەڵگری هاوکارییەکان داخران.
هاوکات ڕێکخراوەی نەتهوە یەکگرتووەکان چەندین جار ڕاپۆرت لە بارەی دۆخی خراپی غەززە بڵاو کردووەتەوە و هۆشداریشی داوە خواردن لە کەرتی غەززە خەریکە کۆتایی دێت و هەموو کۆگاکان خواردنیان تێیدا نامێنێت.
پێشتر، ماڵپەڕی ئێکسیۆس لەسەر زاری بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمەریکاوە ڕایگەیاندبوو، ئەمەریکا و ئیسرائیل، هاوتا لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە کەرتی غەززە لە ڕێککەوتنێک نزیکبوونەتەوە، هاوکات بێ ئەوەی بزووتنەوەی حەماس دەستی پێ بگات.