عراقچی بۆ کایاکالاس، ئامادەین نیگەرانییەکان لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی چارە بکەین
وەزیری دەرەوەی ئێران و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، پەیوەندییە دوو لایەنەکان و پێشهاتەکانی ئەم دواییانەی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد؛ هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران لە بارەی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا بەو بەپرسە ئەورووپییە ڕاگەیاندووە، ئامادەن نیگەرانییەکان لە بارەی بهدهستهێنانی بەرنامەی ئەتۆمی چارە بکەن.
دووشەممە 5ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دەرهوەی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی و کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و باسی پێشهاتەکانی ناوچەکە و دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەشی داوە، وڵاتەکەی ئامادەیە بەردەوامیی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا بدات، هاوکات هیواشی خواست لە بارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی سیاسی و بونیادنەر گفوگۆییەکانیان دەست پێ بکەنەوە.
هەروەها عەباس عراقچی ڕاشیگەیاندبوو، وڵاتەکەی بە بەرپرسیارانە و لە ڕێگەی دیبلۆماتییەوە کاری لەسەر نیگەرانییەکانی لە بارەی بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی کردووە. جەختیشی کردەوە "ئەوە پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی جیددیی و واقیعیانە هەیە."
هاوکات وەزارەتی دەروەی ئێران بە بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپای ڕاگەیاندووە، ئەگەر تاکە نیگەرانی لایەنی بەرانبەر بەدەستهێنانی بەرنامەی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە بێت، ئەوە دەکرێت ئەو نیگەرانییانە چارە بکرێن. جەختیشی کردەوە، ئەگەر ئەمەریکا لە هەڵوێستی ناواقیعیانە دوور بکەوێتەوە، ئەوەی بە زووترین کات دەگەنە ڕێککەوتن.
کایا کالاس: باشبوونی پەیوەندییەکانی ئەورووپا و ئێران پەیوەستە بە چەند پرسێکی جیاوازەوە
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عراقچی، جەختم لە پشتگیریی ئەورووپا بۆ چارەیەکی دیبلۆماتییانە لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەیان و ناکۆکییەکانی ناوچەکە کردەوە.
هەروەها نیگەرانیی خۆی لە دەستگیرکردنی هاووڵاتییانی ئەورووپایی و مافەکانی مرۆڤی لە ئێران بە عەباس عراقچی ڕاگەیاندووە و داوای لێ کردووە وڵاتەکەی چیتر پشتگیریی سەربازیی ڕووسیا نەکەن.
هاوکات جەختیشی کردەوە، باشبوونی پەیوەندییەکانی ئەورووپا و ئێران پەیوەستە بە چەند پرسێکی جیاوازەوە.