فرێدریک مێرز، دەنگی پێویستی بۆ بوونە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بەدەست نەهێنا

بە گوێرەی ئاژانسەکان، فرێدریک مێرز لە پەرلەمانی ئەڵمانیا نەیتوانیوە زۆرینەی دەنگ بەدەست بهێنێت و ببێتە ڕاوێژکاری داهاتووی ئەو وڵاتە، ئەمەش لە کاتێکدایە پارتی پارێزگارانی ئه‌ڵمانیا و پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتی بە یەکەوە 328 کورسیی پەرلەمانیان هەیە.

سێشەممە، 6ـی ئایاری 2025, ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی بڵاوی کردووەتەوە، فرێدریک مێرز، سه‌رۆكی پارتی پارێزگارانی ئه‌ڵمانیا، لە گەڕی یەکەمی دەنگدانی پەرلەمانی ئەڵمانیا، نەیتوانیوە دەنگی پێویست بۆ بوونە ڕاوێژکاری وڵات بەدەست بهێنێت.

بەگوێرەی ئاژانسەکە، پێشبینی دەکرا مێرز، زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، بەڵام لە کۆی 630 دەنگ، تەنیا 310 پەرلەمان دەنگییان بە مێرز داوە و 307 پەرلەمانتاری دیکە دەنگیان لە دژی داوە.

هاوکات بەهۆی ئەوەی کاندیدی ڕاوێژکاری داهاتووی ئەڵمانیا لە گەڕی یەکەم 316 دەنگی پێویستی بەدەست نەهێناوە، دوو گەڕی دیکە دەنگدان بەڕێوەدەچن و لە گەڕی سێیەم و کۆتایی، بە کەمینەی دەنگ، کاندید دەبێتە ڕاوێژکاری داهاتووی ئەڵمانیا.

 هاوپەیمانیی پارتی پارێزگارانی ئه‌ڵمانیا و پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتی بە یەکەوە 328 کورسیی پەرلەمانیان هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی سێ ئەندام پەرلەمان دەنگیان نەدابوو و دەنگێکیش پووچەڵ بوو و نۆ ئەندام پەرلەمانی دیکەش بەشداریی دانیشتنی پەرلەمانیان نەکردبوو، فرێدریک مێرز، نەیتوانی زۆرینەی دەنگ بەدەست بهێنێت.

بە گوێرەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا، لە مانگی شووباتی ئەمساڵ، پارتی پارێزگارانی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی فرێدریک مێرز، پلەی یەکەمی گرت و 211 کورسی پەرلەمانی مسۆگەر کرد، هەروەها پارتی شوێنگرەوە بۆ ئەڵمانیاش بە سەرۆکایەتیی ئەلیس ڤایدل، بە بەدەستهێنانی 142 کورسی لە پلەی دووەمە.

هاوکات پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتییش بە سەرۆکایەتیی ئۆلاف شۆڵز، 116 کورسی مسۆگەر کردوو و لە پلەی سێیەمە.