بەریتانیا ڤیزای خوێندن بۆ چەند وڵاتێک سنووردار دەکات
میدیاکانی بەریتانیا بڵاویان کردووەتەوە، حکوومەتی وڵاتەکەیان، پێدانی ڤیزای خوێندن بە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە سنووردار دەکات کە زۆرترین پەنابەریان لە بەریتانیا هەیە, هاوکات عێراق لە نێو ئەو 10 وڵاتانەدایە کە زۆرترین پەنابەری لە بەریتانیادا هەیە.
سێشەممە، 6ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، پێشبینی دەکرێت، حکوومەتی بەریتانیا هەفتەی داهاتوو ڕێکارێکی نوێ و پلانێکی تۆکمە و گشتگیر بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی پەنابەرانی یاسایی بڵاو بکەنەوە.
بە گوێرەی ئاژانسەکە، لە چوارچێوەی ئەو پلانەدا، پێداچوونەوە بە پێدانی ڤیزای کار و خوێندن بەو نەتەوانە دەدرێت کە ڕێژەیان لە بەریتانیا زۆرە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆریان لە بەریتانیا داوای مافی پەنابەری دەکەن.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، هاووڵاتییانی پاکستان، نێجیریا و سریلانکا لە نێو ئەو وڵاتانەدان کە زۆرترین پەنابەری یاساییان لە بەریتانیا هەیە.
بە گوێرەی ئامارێکی مانگی حووزەیرانی 2024ـی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، 728 هەزار کەس وەکوو پەنابەری یاسایی چوونەتە بەریتانیا، کە زیاتر لە 108 هەزار کەس مافی پەنابەرییان وەگرتووە و 16 هەزاریان لە ڕێگەی ڤیزای خوێندنەوە خۆیان گەیاندووەتە ئەو وڵاتە.
هەروەها بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، عێراق لە نێو 10 لەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین پەنابەری لە بەریتانیادا هەیە، هاوکات ساڵانە خوێندکارێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان و عێڕاق بە مەبەستی خوێندن، دەچنە بەریتانیا.
ڕێژەی ئەو نەتەوانەی زۆرترین مافی پەنابەریان لە بەریتانیا وەگرتووە