چین و ئەمەریکا بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکانیان کۆ دەبنەوە
سەرەتایی هەفتەی داهاتوو بڕیارە چین و ئەمەریکا بۆ چارەکردنی ناکۆکی و کێشەکانی نێوانیان و پرسی بازرگانی و باجی گومرگی کۆ ببنەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی بڵاوی کردووەتەوە، ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەی داهاتوو لە سویسرا، شاندی ئەمەریکا و چین کۆ دەبنەوە، کە سکۆت باسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا و جەمیسۆن گریر، سەرۆکی نووسینگەی نوێنەری بازرگانی ئەمەریکا، نوێنەرایەتیی شاندی دانوستانکاری ئەمەریکا دەکەن، هەروەها هی لیفانگ جێگری سەرۆکی حکوومەتی چین، سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکات.
سکۆت باسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا بە فۆکس نیووزی ڕاگەیاندووە، لەگەڵ چین لەسەر تەوەر و بابەتەکانی گفتوگۆکان ڕێککەوتوین، بابەتەکان زیاتر بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکانە، بۆیە هیچ ڕێککەوتنێکی بازرگانی ناکرێت.
گوتیشی: دەبێت سەرەتا ناکۆکییەکان چارە بکەین، دواتر هەنگاوی زیاتر بنرێت.
وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەشی دا، زیادکردنی باجە گومرگییەکان، بازاڕە داراییەکانی جیهانی شڵەژاندووە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەمەریکا و چین بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بووتەوە. گوتیشی: سەپاندنی باجی گومرگی بەڕێژەی 145% و 125% بەردەوام نابێت، چونکە ئەم شێوازە گومرگییە وەک گەماڕۆ وایە، ئێمەش ئەوەمان ناوێت، بەڵکوو بازرگانییەکی دادپەروەرانەمان دەوێت.
گاو فەنگ، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی چین، هەر لە ئێستاوە هۆشداری داوە، کە سازش ناکەن و دەڵێت: چین هەرگیز بنەماو و هەڵوێستی خۆی و دادپەروەری نێودەوڵەتی ناکاتە قوربانی.
گوتیشی: ئەگەر ئەمەریکا بەدوای چارەی کێشەکان دەگەڕێت، دەبێت دان بەوە دابنێت کە سەپاندنی باجی گومرگ تاکلایانە، کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ئابووری جیهان و هەردووک وڵات هەبووە.
هەروەها ئاماژەشی دا، ئەگەر ئەمەریکا قسە و کرداری یەک نەبێت یان هەوڵبدات لە کاتی کۆبوونەوەکەدا فشار لە شاندی چین بکات یان باجی بەسەر بسەپێنێت، ئەوە ئێمە هەرگیز ئەوە قەبووڵ ناکەین.
دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، بە ڕێژەی 145% باجی گومرگی بەسەر کەلوپەلەکانی چینیدا سەپاند، لە وەڵامدا چین بە ڕێژەی 125% باجی گومرگی بەسەر کەلوپەلەکانی ئەمەریکادا سەپاند.